٧ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤
وتەبێژی بازاڕی دراوی شاری سلێمانی رایگەیاند، گروپە چەکدارە شیعەکان سەریانکردووتەوە کڕینی دۆلار و ئەوەش بووەتە یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە بازاڕەکاندا.
ئەمڕۆ دووشەممە، جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراوی شاری سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، جگە لە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زیادبوونێکی ناسروشتیی خواست بۆ دۆلار لە بازاڕەکاندا دروستبووە و ئەوەش بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری لێکەوتووەتەوە.
وتیشی: "گروپە چەکدارە شیعەکان بە هۆکارێکی نادیار خواستێکی زۆریان لەسەر دۆلار دروستکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بازرگانان و بازرگانانی سیاسیش بە مەبەستی تێکدانی بازاڕەکان خواستێکی زۆریان لەسەر دۆلار دروستکردووە بۆ ئەوەی دۆلار بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە و لە ئاستێکی بەرزدا بیفرۆشن، دواتریش دابەزێتەوە و (لەو هەڵبەز و دابەزەدا) سوودێکی زۆر بکەن".
چەند ڕۆژێکە نرخی دۆلار بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و لەئێستادا 100 دۆلار بەرامبەرە بە 154 هەزار و 500 دینار.