بارسێلۆنا ئەستێرەیەکی بایرن میونشنی کردووەتە ئامانج

٦ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا هەواڵێکی نوێیان ئاشکرا کردووە، سەبارەت بە پلانی یانەی بارسێلۆنا بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەی تیپی یەکەمی لەکاتی گواستنەوەکانی هاوینی داهاتووی ساڵی 2025.

ڕۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی پشتڕاستیکردووەتەوە کە یانەی بارسێلۆنا هێشتا حەزی لە بیرۆکەی گواستنەوەی لیرۆ سانێیە لە هاوینی داهاتوودا، یانەکەش لە نزیکەوە چاودێری دۆخی یاریزانەکە دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەندە پێشتر سانێ ئاشکرایکردووە کە دەیەوێت لەگەڵ بایرن میونشن بەردەوامبێت، بەڵام لە ئێستادا یاریزانەکە دڵتەنگە بەوەی لەسەر کورسی یەدەگ بێت لە تیپەکە و دوورخستنەوەی لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، هەربۆیە بیر لە جێهێشتنی یانەکە دەکاتەوە، یانەی بارسێلۆناش ئامادەیە بۆ هەر ئەگەرێک.

لە ماوەی گواستنەوەی هاوینی ساڵی 2024 ڕابردوو، یانەی بارسێلۆنا هەوڵیدا لیرۆ سانێی، ئەستێرەی یانەی بایرن میونشن بگوازێتەوە، بەڵام ڕەوشی دارایی ڕێگری لە یانەکەی کرد.

تەنها یەک وەرز لە گرێبەستەکەی سانێ لەگەڵ بایرن میونشن ماوە، چونکە گرێبەستی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەکەی لە 30ی حوزەیرانی 2025 بە فەرمی کۆتایی دێت.

بەم هۆیەشەوە بارسێلۆنا سوود لە سانێ وەردەگرێت کە لەسەر کورسی یەدەگ دانیشتووە.

لیرۆ سانێ لەم وەرزەدا چی لەگەڵ بایرن میونشن کردووە؟

سانى تەمەن 28 ساڵ، تا ئێستا لە ماوەى ئەم وەرزەى 2024/2025 لە پاڵەوانێتىە جیاوازەکاندا لەگەڵ بایرن میونشن تەنها 4 یاری بەشدارى کردووە، لەو ماوەیەدا گۆڵێکى تۆمار کردووە.