واده‌ى دابه‌شكردنى هاوكاریى هاوپه‌یمانان به‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌دا ئاشكراده‌كرێت

٥ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و ژمێریاریی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە واده‌ى دابه‌شكردنى ئه‌و هاوكاریه‌ به‌سه‌ر ئه‌و هێزانه‌ى دیكه‌ كه‌ پێشتر سودمه‌ندبوون ئاشكراده‌كات و دەڵێت: "ڕۆژى سێشه‌ممه‌ى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ دابەشدەکرێت".

لیوا توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و ژمێریاریی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، بڕیاروایه‌ ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ دابەشکردنی موچەكانیان، هاوکاریی هاوپەیمانانیش بەسەر هێزه‌كانى پێشمەرگەدا دابەشبکرێت.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ لیوا جیاوازه‌كان له‌و هاوكارییه‌ى هاوپه‌یمانان سودمه‌ندن، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى چه‌ندینجار ناڕه‌زاییشیان نیشانداوە و داوایانكردووە جیاكاری له‌و هاوكارییه‌دا نه‌كرێت و سه‌رجه‌م هێزو یه‌كه‌كانى پێشمه‌رگه‌ بگرێته‌وه‌.