١ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا پێشهاتی نوێیان لەسەر داهاتووی ئێریک تێن هاگ لەناو مانچستەر یونایتد ئاشکرا کردووە، دوای ئەوەی تیپەکە لەم ماوەیەی دواییدا ئاستی دابەزی.
ئیریک تێن هاگ، نزیکە لە جێهێشتنی مانچستەر یونایتد وەک ڕاهێنەر، بەتایبەتی دوای شکستەکەی ئەم دواییەی بەرامبەر تۆتنهام هۆتسپێرس، کە یاریەکە بەئەنجامی سێ گۆڵی بێ وەڵام کۆتایهات لە پرێمەرلیگ.
مانچستەر یونایتد لە ڕیزبەندی سێزدەهەمی ڕیزبەندی پرێمەرلیگی ئینگلتەرادایە بە کۆکردنەوەی 7 خاڵ دوای 6 گەڕی پاڵەوانێتییەکە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی دەیلی ستاری ئینگلیزی، یاریزانانی مانچستەر یونایتد دەیانەوێت ڕود ڤان نیستلرۆی یاریدەدەری ئێستای ئێریک تێن هاگ ببێتە ڕاهێنەری داهاتوویان بۆ جێگرتنەوەی ڕاهێنەرە هۆڵەندییەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، یاریزانانی یونایتد پێیان وایە کە تیپەکە لەگەڵ ڤان نیستلرۆی زۆر باشتر دەبێت، بەتایبەتی کە ئەو بە باشی تیپەکە دەناسێت.
چاوەڕوان دەکرێت ئێریک تێن هاگ لەگەڵ مانچستەر یونایتد بەردەوام بێت بۆ دوو یاری داهاتوو بەرامبەر پۆرتۆ و ئەستۆن ڤێلا.
بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد بڕیاریاندا لە دوو یاریی داهاتوودا پاڵپشتی ڕاهێنەر و یاریزانانی یانەکە بکەن، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی ئەو بارودۆخە سەختەی یانەکە لە ئێستادا پێیدا تێدەپەڕێت.