ڕێباز حەملان: هیوادارین ئەمڕۆ بەغدا موچەی مانگی هەشت بنێرێت

١ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، “تا ئێستا تەواوکاری موچەی مانگی هەشت نەهاتووە وهیوادارین ئەمڕۆ بینێرن و دەشڵێت؛ لیستی مووچە هیچ مانگێک وەک مانگێکی دیکە نابێت”.

ئەمڕۆ سێشەممە 1-10-2024، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند: “دەبوو سەرەتای ئەم مانگە مووچەی تەواوکاری مانگی ئاب بهاتایە، بەڵام تا ئێستا نەهاتووە وهیوادارین ئەمڕۆ بینێرن”.

ڕوونیشیکردەوە: “بەغدا لەسەر وردبینی مانگی ئەیلوولیش، بەغدا هەندێک تێبینی ناردووە دەڵێن دەبێت کوردستان مووچەی مانگی شوبات بکەنە بنەمای دابەشکردنی مووچە. لە کاتێکدا هەموو مانگێک عەلاوەی و تەرفیعاتی وەزارەت هەیە، بەتایبەت وەزارەتە ئەمنییەکان، لەبەر ئەوە جیاواز دەبێت، لیستی مووچە هیچ مانگێک وەک مانگێکی دیکە نابێت، ناتوانی بڵێیت لیستی مانگی نۆ هاوشێوەی لیستی مانگی هەشتە یان حەوتە، هەر مانگە لیستی مووچە بە جۆرێک دەبێت”.

جەختی لەوەشکردەوە: “هەندێک وردەکاری هەیە کاری وەزارەتی داراییە، لە مۆڵەتی ساڵانە و هەندێک وردەکاری دیکە، بەڵام ئەوانەی بەغدا دەیڵێت تەنیا بیانووگرتنە بۆ دواخستنی مووچەی خەڵک”.

ئاشکراشیکرد: “بەغدا 243 ملیار دیناری پارەی مووچەی نەناردووە کە ئەوەش بڕێکی گەورەیە لە داهاتی هەرێمی کوردستان و هەرێم ناتوانێت قەرەبووی ئەو بڕە بکاتەوە، چونکە ئێستا هەرێمی کوردستان %50 داهاتە ناوخۆییەکەی دەنێرێت بۆ بەغدا و داهاتی نەوتیش نەماوە، بۆیە هیچی لەبەردەستدا نیی”.