سبەی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات

٣٠ ئەیلوولی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

شارەزایەکی کەشناسی ڕایگەیاند، سبەی بارانبارینی بەلێزمە و هەورەبروسکەی توندی ناو بەناو سنووری پارێزگای سلێمانی دەگرێتەوە.

محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، شەپۆلەکە شەوی سێشەممە سەرەتا لە ئیدارەی گەرمیان دەبێت و دواتر دەگاتە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین.

باسی لەوەشکرد، چەقی بارانبارینەکە دوای نیوەشەوی سێشەممە بۆ بەرەبەیانی چوارشەممە دەبێت و لە سلێمانی، هەڵەبجە، دووکان و بەشێکی گەرمیان "لێزمەباران و برووسکەی تووندی ناوبەناو دەبێت و پلەی گەرماش چوار پلە دادەبەزێت".

ئاشکراشیکرد، لە بەشی رۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی ئەگەری لافاوی کتوپڕ هەیە و لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، کەرکووک و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەگەری بارانبارین لاوازە.

محەممەد کەمال دەشڵێت؛ بارانبارینەکە بە بڕی جیاواز دەبێت و لەنێوان 10 بۆ 70 ملیمەتردا دەبێت و پێش نیوەڕۆی چوارشەممە کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە.