ماوەی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی درێژکرایەوە

٣٠ ئەیلوولی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، ماوەی پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین بۆ پێنج ڕۆژی دیکە درێژدەکرێتەوە و تا ئێستاش 71٪ی دەرچووانی ئەمساڵ داواکارییان پێشکەش کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 30-9-2024، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، لەپێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى بۆ ئەوانەى تاکو ئێستا فۆڕمى (زانکۆلاین) یان پڕنەکردۆتەوە یان تەواویان نەکردوە، بڕیاردرا ماوەى زانکۆلاین بۆ پێنج رۆژى دیکە درێژبکرێتەوە.

ڕوونیشیکردەوە، کاتژمێر (12)ی شەوى شەممە لەسەر یەکشەممە ڕێکەوتى (2024/10/5) وادەی زانکۆلاین بۆ دەرچووانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیی کۆتایی دێت.

ئاشکراشیکرد، ئەو دەرچووانەی کە بە هەر هۆکاربێت نەیانتوانیوە فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە، ئێستادا دەتوانن سوودمەندبن لەم دەرفەتەو فۆرمەکە تەواو بکەن، هەروەها دەرچووانى خوێندنگە کوردییەکانى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستانیش بەهەمان شێوەیە لەم ماوەیەدا دەتوانن سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و لەو پێنج ڕۆژەدا دەرچووانى هەردوو خولى یەکەم و دوەم فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە.

وەزارەتى خوێندنى باڵا دەشڵێت؛ تاوەکو پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە (71%)ى دەرچووانى ئەمساڵ داواکارییان لە ڕێگەى زانکۆلاین پێشکەش کردوە، واتە 39 هەزار دەرچووى ئەمساڵ و شەش هەزار دەرچووى ساڵانى پێشوو داواکارییان پێشکەش کردوە.