نوێژ، وەک فۆڕمێک لە ملکەچی یان دەسەڵاتگەریی !

١٦ تەمموزی ٢٠٢٢

بڵاویبکەرەوە لە

نوێژ، وەک پەرستش و فەرزێکی ئاینیی و ڕۆحانیی لە ڕواڵەتدا ڕەگەزی ملکەچیی و خشوع و لاوازیی و تەسلیم و بێئیرادەیی بوە بەرامبەر خودایەکی خالق و بەدەسەڵات و قاهیر، هەرگیز نوێژ وەک نمایش و نیشاندانی دەسەڵات و جەبەروبی تاک و بەندەکان نەبوە لەسەر زەوی. فۆرمێکی کۆنی عورفی و دینیی بوە بۆ نیشاندان و خستنەڕووی پاڕانەوەو تەوبەو سازش و پەرستشی بێدەنگ بەرامبەر خودای تاک و توانا. لێ ئەوەی موقتەدا سەدر و لایەنگرانی چەند جارێکە بەکاری دەهێنن وەک خەباتێکی ئایدۆلۆژیی مەزهەبیی بەرهەڵستکاریی تەواو جیاوازو بە سیاسییکراوەو خاڵیی کراوەتەوە لە ڕۆحانیەتەکەی و وەک قوڵایی هێزو قودرەت و تەحەددا و پەرچەکردار بەکارهاتوە بەرامبەر بێتوانایی حکومەت و کۆتایی دەسەڵاتی سیاسی گەندەڵ !.

موقتەدا سەدر حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانیی و ڕزگاری نیشتیمانی دەویست بەبێ ئەم نوێژە جەماعیەو بۆی نەچوەسەر، تەنانەت پەڕلەمانتارەکانی کشاندەوە بەخاتری خەونەکەی، ڕوانگەی توندی ڕەوتی سەدریی ئێستا سەرلەبەری دەستورو پەڕلەمان و حکومەتی کردۆتە ئامانج، عێراق کە پڕە لە پێكهاتەی جیاوازی نەتەوەیی و ئەتنی و مەزهەبی و دینی و تائیفیی، نوێژی بەکۆمەڵ و جوڵاندنی هەستی شەقام و نەستی ئاینیی هەرگیز چارەسەر نیەو ڕایناگرێ. ئەوەی ئەم پێكهاتە موزائیكی و هەمەجۆرەی راگرتووە دەستوورەو ئیدی وردە وردە بەیعەت و فەتواش شوێنی گرتۆتەوەو دەستورو یاساکان کاریان پێ ناکرێ و لەبری ئەوە دارولخیلافەی مەزهەبیی ئەمرۆ بە ڕوونی دەرکەوت، ئایا ئیتر ڕیفۆرم و چاکسازی و دیموکراسی و دەنگدان و خەباتی پەڕلەمانی چ سودێکی هەیە لەو مەعبەدخانەو مزگەوتخانە گەورەیەدا؟

نوێژەکە بەشێکی نمایش بوو بۆ ئەوەی کە سەدر هێشتا بەپێوەیە، دیوەکەی تری، بۆ ئەوە بوو بە شێوە میللی و نا فەرمیەکەی، گوتاری سەدریی لە عێراق بە درێژکراوەی گوتاری ئاینی و مێژوویی و خەلافەتگەریی ئیمامی حوسەینی کوڕی عەلی هەژمار بکرێت و شەرعیەتی پێبدرێت لە بری هەموو یاساو نۆرم و بەهاکانی حوکمڕانی. لەلایەکی ترەوە نوێژە سیاسیەکەی لایەنگرانی ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە گەرمای ١٥ی تەموزی ٢٠٢٢ چەند دەلالەتێکی قوڵیی سیاسی و سۆسیۆلۆژیی هەیەو دیارترینیان.

هیچکات عێراقێکی نوێ لەدایک نابێت لەدەرەوەی ڕێنماییەکانی حەوزەی موقتەدایی و ئەو نوێژە سیاسیانەو بە دیاریکراوی لەسەر دەستی ئەو تایپە دەسەڵاتگەرەی شیعەی عێراق کە بەتەواوی دابەش بوون بەسەر کەمپەکانی عێراق و ئێراندا.

ئەمرۆ ١٥ی تەمموزی ٢٠٢٢ موقتەدا سەدر، لە ڕێگای شەقام و هەستی ئاینییەوە سەلماندی سوکانی دۆخی عێراقی هێشتا بەدەستەوەیەو بەبێ ئیمامی مەهدیش دەتوانێ نوێژی گەورەی سیاسی بکات و شەرعیەت بدات بە کۆکردنەوەی ئەنسارو ئەتباع و ئەولادو لایەنگرانی خۆی، دوور لە کامپی مەزهەبیی عەلی سیستانی.

تەواوی پرەنسیپە دەستوریی یاساییەکانی حوکمڕانی و مافەکانی دەنگدانی ١٠/١٠/٢٠٢١ی خستە ژێر عەبا ئایدۆلۆژیی و ئاینییەکەی خۆی و نەیارەکانیشی دوچاری بێئومێدیی کرد بۆ پێکهێنانی حکومەت بەتایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی و بەرەی مالیکی و خزعەلی.

سەدر بەو دەخاڵە لاستیکی و دوبارەو سیناریۆئامێزە کە بەدەستی دوو، پێشکەشی کرد، دوبارە عێراقی نوێی لەقاڵبدا کە هێشتا لە چوارچێوەی ئەو دەقە دەستووریی و دیموکراسیەتە ساختە گیری خواردوەو پێی وتین ئەستەمیشە وەدیهاتنی مافی ئەوانیتر لەو فەوزاو پاشاگەردانییە بەتایبەتی بۆ گەلی کورد.

سەدر لەو وتارەدا هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی نەکردە مەرج بەڵکو ویستی دوریان بخاتەوە لە کایەی سیاسی و بازرگانیی، بەڵام دەزانێ هێشتا لە دەرەوەی حەشدو سوپای نیزامی، سەدان سەربازگەی میلیشیایی خولگەی وەلائیەکان هەیەو مەترسین بۆ سەر پێگەکەی بۆیە داوای هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکانی کرد،لەکاتێکدا یەکەم سەرکردەی شیعیی لەدەرەوەی سوپای نیزامیی عێراق کەسەربازگەی نایاسایی و میلیشیایی دامەزراند خودی موقتەدا سەدر خۆی بوو، کە سوپای مەھدی و لیوای رۆژی دوایی و سەرایا سەلام بوو کە بە زیاتر لە سیی هەزار سەرباز هەژمار دەکرێن، وادیارە موقتەدا ترسێکی زۆری هەیە لە گروپە چەکداریی و سەربازییە نهێنیەکان کە دەست و قاچی ببەستن و کۆتایی پێ بهێنن، هەربۆیە بەشداری مەراسیمە ملیۆنیەکەی نەکردو لە دورەوە پەیامە سیاسیی و ئاینییەکەی گەیاند.

ئەی کەواتە سەرد چیی دەوێت؟

مەرجەعیەتی ئاینی بەهێزو حکومەتێکی لاواز کە خۆی یاسای بۆ دەربکات و یاسادانەری بێت، یاساگەلێک خۆی دەری بچوێنێت لە نوێژی بەکۆمەڵ و لەدەرەوەی دەزگا دادوەریی و یاساییەکانی وەک پەڕلەمان و حکومەت و کاریشی پێبکرێت، تاشینی مەرجەعیەتی نوێی دینی لەبری سەید عەلی سیستانی کە ویسترا بەهۆی بەهۆی ئامادەنەبوونی ئیمامی مەهدییەوە نوێژەکە نەکرێت و وسوکی بکات لە شەقام و ڕای گشتی، کە ڕایانگەیاند نوێژ بەبێ ئیمام واجب نییە، بەوەش ڕوخساری ململانێ توندو شاراوەو ڕەسەنەکەی شیعە تەواو بەدەرکەوت.

دواجار کورد، لەو عێراقەو لەسایەی ئەو خەلافەتە مەزهەبیەدا، لە چوارچێوەی تێزو بیرکردنەوەکانی مەرجەعیەتی سەدرو سیستانیدا ئیتر بارمتەیە و ئاسان نییە دەرچوون لەو تەون و دیدگاو گەمە مەزهەبیانەو نابێت بکرێتە قوربانیی حەوزەو مەرجەعیەتەکان و سرودی دیموکراسیی و مەوتینی بڵێتەوە.