نەتانیاهۆ: ئێمە تەنها هێرشبەرین و ئۆپراسیۆنەکانمان بۆسەر لوبنان فراوانتر دەکەین

٢٤ ئەیلوولی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە هەموو بەرەیەك و لە هەر لایەكدا بێت، هێرش دەكەین و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانیشیمان بۆسەر لوبنان فراوانتر دەكەین.

بنیامین نەتانیاهۆ, سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، بۆ ئەوانەی هێشتا تێنەگەیشتوون، دەمەوێت سیاسەتی ئیسرائیلیان بۆ ڕوون بكەمەوە، ئێمە چاوەڕێی هێرش ناكەین، بەڵكو لە هەموو شوێنێك و لە هەموو بەرەیەك و لە هەر لایەكدا بێت، هێرش دەكەین.

ڕوونیشیکردەوە، پێویستە دانیشتووانی باشووری لوبنان ئەو ناوچانە چۆڵ بكەن، كە حزبوڵا چەكی تێدا هەڵگرتووە، چونكە هێرشی زیاتر ئەنجام دەدەین و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانیشیمان بۆسەر لوبنان فراوانتر دەكەین.

ئاشکراشیکرد، ئێمە سەركردە و تێكدەرەكان لەناو دەبەین، هەروەها مووشەكەكان لەناو دەبەین، هێشتا زیاترمان ماوە بیكەین، هەركەسێك هەوڵی زیانگەیاندنمان بدات، ئێمە زیانێكی زیاتری پێدەدەین.

ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی چەند ڕۆژێکە ئیسرائیل هێڕشەکانی بۆ سەر لوبنان فراوانتر کردووەتەوە و تاوەکو ئێستاش بەهۆی هێرشەکانەوە 550 کەس لە لوبنان کوژراون و 835 کەسیش بریندارن.