"بکوژەکەی نارین گۆران مامیەتی"

٢١ ئەیلوولی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

ئەو کەسەی لە کەیسی کوشتنی نارین گۆرانی تەمەن هەشت ساڵاندا، دانی بە شاردنەوەی تەرمی ناریندا نا دەڵێت، هەرچییەک دەزانێت بە دروستی باسی دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، "بکوژەکەی نارین مامیەتی".

دوێنێ هەینی، نەوزاد بەختیار، ئەو کەسەی لە کەیسی کوشتنی نارین گۆرانی تەمەن هەشت ساڵاندا، دانی بە شاردنەوەی تەرمی ناریندا نا، داوایکردووە جارێکی دیکە وتەی لێوەربگیرێتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، هەرچییەک دەیزانێت بە دروستی باسی دەکات.

لە وتە نوێیەکانیدا، نەوزاد بەختیار باسی لەوەکردووە، سالمی مامی نارین، پەیوەندیی پێوە کردووە و وتویەتی، "نارین من و دایکی بینیوە پێکەوە و کوشتومە، بۆیە تەرمەکەی بشارەوە و ئەگەر پێویستی کرد پارچە پارچەی بکە تاوەکو نەناسرێتەوە".

بە وتەی نەوزاد بەختیار، مامی نارین وتویەتی: "ئەگەر ئەو کارە نەکەیت کوڕەکەت دەکوژم"، لە بەرامبەریشدا بەڵێنیداوە 200 هەزار لیرەی پێ بدات.

ڕۆژی 9ی ئەم مانگە، دوای 19 ڕۆژ لە بێسەروشوێنبوونی، تەرمی نارینی تەمەن هەشت ساڵان لە جۆگەیەکی نزیک ماڵی خۆیان لە دیاربەکر دۆزرایەوە.