٢١ ئەیلوولی ٢٠٢٤
ئەندامانی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان دژایەتیی خۆیان بۆ دانانی دانا ئەحمەد مەجید بە ڕێکخەری گشتی بە وەکالەت راگەیاند.
ئەمڕۆ شەممە ژمارەیەك لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە و دژایەتیی خۆیان بۆ دانانی ڕێكخەر بە وەكالەت ڕاگەیاند.
ئەو ئەندامانە دەڵێن، بڕیارەکەی عومەری سەید عەلی بۆ دانانی دانا ئەحمەد مەجید بە رێکخەری گشتی، "نادەستوری و نایاساییە و دەبێت هەڵبژاردن بكرێت و ڕێكخەر و خانە هەڵبژێردرێن".
هاوکات، باڵەكەی عومەری سەید عەلی دان بە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەکەدا نانێن و دەڵێن، نیسابی یاسایی تەواونەبووە و ئەوانەی كۆبوونەتەوە، چەند ئەندامێكی جڤات بوون كە لە "چیا نەوشیروان مستەفا نزیكن"، جگە لەوەش، دانانی دانا ئەحمەد مەجید بە ڕێكخەر بە وەكالەت، بە یاسایی دەزانن.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەفتەی پێشوو، عومەری سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان، بڕیاریدا دانا ئەحمەد مەجید بەوەکالەت وەکو رێکخەری گشتی، کاروبارەکان بەڕێوەببات.