ئەو مامۆستایە کێیە کە دەیەوێت لەناو گۆڕدا بەکوردی وەڵامی فریشتەکان بداتەوە؟

١٢ ئەیلوولی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

پێشتر نەوتراوە و نەبیستراوە، مامۆستایەکی ئاینی بێتە سەر شاشەکان و بەڕاشکاوی بڵێت: "لەناو گۆڕدا بە زمانی کوردی وەڵامی فریشتەکان دەدەمەوە"، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا، لێدوانێکی لەم شێوەیەی مامۆستا جاسم کەلاری، تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی داگیرکرد.

مامۆستا جاسم کەلاری کێیە؟

جاسم محەممەد ئەمین حسێن، ناسراو بە مامۆستا جاسم کەلاری، لە ساڵی 1978 لە شارەدێی گوڵاڵە سەر بە شارۆچکەی خانەقین لەدایکبووە.

لە ساڵی 1993 چووەتە حوجرە و بووە بە فەقێ، تا ساڵی 1999، بە یەکەمی هەرێم قۆناغی حوجرەی بڕیوە.

لە ساڵی 2001ـدا، مۆڵەتی مەلایەتیی وەرگرتووە و ساڵی 2003 کۆلێژی شەریعەی لە زانکۆی سەڵاحەددینی هەولێر تەواوکردووە، ساڵی 2023، بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە.

لەئێستادا، مامۆستا جاسم، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی گەیلانیی کەلارە و، هەر لەو مزگەوتەدا حوجرەی فەقێی هەیە. ئەمە جگە لەوەی، دەیان زنجیرەوتار و نووسینی هەیە کە بەشێوەیەکی بەرچاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە.

ماوەی چەند ساڵێکە مامۆستا جاسم، بووەتە یەکێک لە دیارترین رووخسارەکانی ئاینی ئیسلام لە هەرێمی کوردستان و، بە شێوازە دەربڕینە سادە و ڕەوانەکانی، گوێگرێکی ئێجگار زۆری لەخۆی کۆکردووەتەوە.

ئەو ڤیدیۆیەی دەنگدانەوەی لێکەوتەوە

لە ماوەکانی رابردوودا، گرتە ڤیدیۆیەکی مامۆستا جاسم دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، کە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا بەڕاشكاوی دەڵێت: "لەناو گۆڕدا بە زمانی کوردی وەڵامی فریشتەکان دەدەمەوە، ئەگەر لێم تێنەگەیشتن لای خودا شکاتیان لێدەکەم، دەڵێم بۆچی منت بەم زمانە دروستکرد؟".

لەکاتێکدا، رەنگە بەشێکی دیکەی مامۆستایانی ئاینی رای جیاوازیان لەم بابەتەدا هەبێت و، بەکارهێنانی زمانی کوردی بۆ ئەو دەمە، بە نەشیاو و نەگونجاو لەقەڵەمبدەن.

مامۆستا جاسم زمانی کوردی بە زمانێکی پیرۆز دەزانێت، تا ئەو رادەیەی کاتێک لەناو گۆڕدا پرسیاری لێدەکرێت، ئەو دەیەوێت بەبێ ترس و دوودڵی، بە زمانەکەی خۆی وەڵامبداتەوە و بە مافی خۆیشی دەزانێت، خودا و فریشتەکان جیا لە زمانی عەرەبی، لەو زمانە تێبگەن کە قسەی پێدەکات.

قسەکەی مامۆستا جاسم کەلاری، سەرنجی بەشێکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆلای خۆی راکێشاوە و بەشێکی هاوڵاتییان پێیانوایە، پێویستە مامۆستایانی ئاینی سەرنج و بیرۆکەی لەم شێوەیەیان هەبێت و زمانی خۆیان بە کەم نەزانن.