٨ ئەیلوولی ٢٠٢٤
ئاسایشی عێراق ڕایگەیاند، کەسێک وەک لیوایەکی سەربازی خۆی ناساندووە کە گوایە پاسەوانی سوودانییە تاوەکو مامەڵەی وەبەرهێنانی بۆ جێبەجێ بکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8-9-2024، ئاسایشی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، مەفرەزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگای بەغدا، توانیویانە، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییە پشتڕاستکراوەکان، دوای بەدەستهێنانی رەزامەندی دادوەری، تۆمەتبارێک دەستگیر بکەن کە خۆی وەک لیوایەكی سەربازی نیشانداوە و گوایە پاسەوان و یاوەری سەرۆکوەزیرانە، بە ئامانجی ئەوەی فشار بخاتە سەر فەرمانبەرانی پێشکەوتووی زانکۆکان و فەرمانگەكانی حكومەت.
ڕوونیشیکردەوە، بۆ ئەوەی مامەڵەی وەبەرهێنانی بۆ جێبەجێ بكەن و رەزامەندی بەدەست بهێنێت، دواتریش ئەو رەزامەندییانە بفرۆشێتە وەبەرهێنەر و بازرگانەكان وەبەرهێنان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو كەسە لە كاتێكدا دەستگیر كرا، كە لە هەوڵی ئەوەدابوو دەست بەسەر پارچە زەوییەكدا بگرێت لە بەغدا، كە موڵكی یەكێك لە وەزارەتەكان بووە.
ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتبارەکە پێشتر خۆی وەک راوێژکاری پارێزگاری ئەنبار نیشانداوە بۆ بەدەستهێنانی وەبەرهێنان بە نایاسایی، جگە لەوەی پێشینەی دۆسیەی ساختەکاری و فێڵبازی هەبووە.
ئاسایشی عێراق دەشڵێت؛ تۆمەتبارەكە رادەستی لایەنە دادوەرییەكان كراوە بۆ ئەوەی بە پێی یاسا سزای خۆی وەربگرێت.