پەیامێکی گرنگی تەیف سامی لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان عێراق و هەرێم

٨ ئەیلوولی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، گفتوگۆکان بۆ بەرزکردنەوەی هاوکاری دارایی نێوان هەردوولا و گەیشتن بە چارەسەری بەردەوام بۆ پرسە داراییە هەڵپەسێردراوەکان.

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە ڕاگەیەنراوەكەیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەک شەممە، کۆبوونەوە دووقۆڵییە بەردەوامەکانی نێوان ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەستیپێکرد، بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی. گفتوگۆکان لەسەر بنەمای میکانیزمەکانە بۆ بەرزکردنەوەی هاوکاری دارایی نێوان هەردوولا و گەیشتن بە چارەسەری بەردەوام بۆ پرسە داراییە هەڵپەسێردراوەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆکان لە چوارچێوەی هەوڵە حکومییەکان بە ئامانجی پتەوکردنی هاوکاریی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، و فایلە داراییە هاوبەشەکانی وەک مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بودجەی هەرێم و دەروازە سنوورییەکان، جگە لە هەماهەنگی گومرگی و سیاسەتەکانی باج، لە گرنگترین ئەو پرسانە دادەنرێت، کە کاریگەرییان لەسەر سەقامگیری ئابووری عێراق هەیە.

باسی لەوەشکردەوە، گفتوگۆکان نوێنەرایەتی دەرفەتێکی مێژوویی دەکەن بۆ بەدیهێنانی ئاشتەوایی دارایی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان.

تەیف سامی ڕوونیشیکردەوە، ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمێکی دادپەروەرانە بۆ دابەشکردنی داهاتی نەوت و دەروازە سنوورییەکان بەشدار دەبێت لە بەرزکردنەوەی متمانە و سەقامگیری ئابووری لە وڵاتدا.