٨ ئەیلوولی ٢٠٢٤
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر چەند بابەتێک گفتوگۆ کرا. بەپێی زانیارییەکان، لەسەر هەندێک بابەت بەشێوەی بنەمایی ڕێککەوتن کراوە و لەسەر هەندێکی دیکە گفتوگۆ بەردەوامن.
بەپێی زانیارییەکان، لەسەر پرسی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان کە حکومەتی عێراق پێشتر وتبووی دەبێت لە بەغدا مۆڵەت وەربگرن، سەرەڕای هەبوونی مۆڵەتی هەرێمی کوردستان، بەشێوەی بنەمایی گەیشتوونەتە رێککەوتن، کە هەر کۆمپانیایەک مۆڵەتی هەرێمی کوردستانی هەبێت، پێویست ناکات لە بەغداش وەریبگرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا تیمی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم داوایان کردووە، ئەو بازگانە هەڵبگیرێن کە لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر بەرهەمی هەناردەی کوردستان دانراوە، بەڵام لەسەر ئەو خاڵە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
هەروەها، تیمی حکومەتی عێراق داوای قەرزی پسوڵەی خۆراکیان کردووە لە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم، بەڵام ئەو داوایە لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە ڕەتکراوەتەوە.