وەزارەتی دارایی چەند بڕیارێکی لەبارەی لیستی مووچەوە بۆ وەزارەتەکان دەرکرد

٨ ئەیلوولی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی كوردستان بۆ ئامادەكردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران چەند بڕیارێكی بۆ وەزارەت و فەرمانگەكان دەركرد. دەشڵێت: "دەبێت گشت فەرمانبەران بایۆمەتری و كۆدی بێهاوتایان هەبێت و نابێت ناو و كۆدی دووبارە لە لیستی مووچەدا هەبێت".

بەپێی گشتاندێكی وەزارەتی دارایی هەرێم، كە ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان كراوە دەربارەی لیستی مووچەی مووچەخۆران، ڕایگەیاندووە: "دەبێت لە لیستی مووچەدا گشت فەرمانبەران ناویان لە لیستدا هەبێت و بە میلاک هەژمار بكرێت، مووچەخۆران و ئەوانەشی مۆڵەتی بێ مووچەیان هەیە، دەبێت بنووسرێن".

ئاماژە بەوەشكراوە، دەبێت گشت فەرمانبەران بایۆمەترییان كردبێت و كۆدی بێهاوتا (UPN)یان هەبێت و نابێت لە لیستی مووچەدا دووبارە بێتەوە، بەپێچەوانەوە ڕەت دەكرێنەوە.

جەغت لەوەشكراوە، ئەگەر لە لیستی مووچەدا ناوی دووبارە هەبوو، بەڵام یەك كەس نەبوون و دوو كەسی جیا بوون، پێویستە ناوی دایكیان بنووسرێت.

باس لەوەشکراوە، دەبێت لە لیستی گرێبەستەكان، ڕۆژی دامەزراندن و ڕۆژی نوێكردنەوەی گرێبەستیان بنووسرێت.