٢٨ ئابی ٢٠٢٤
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی چەند باچێکی ساختەی دەرمانی ئۆزەمپیک - سیماگلوتاید دەدات لە جیهاندا و بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان لە هەرێم بە هاوڵاتییان دەڵێت، "خۆتان بەدوور بگرن لە کڕینی ئەو دەرمانە".
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە راگەیەندراوێکدا، هۆشداریدەدات کە دەرمانی ئۆزەمپیک لە بەڕازیل، بەریتانیا و باکوری ئێرلەندا و ئەمریکا ساختەکراون و لەلایەن کۆمپانیای (novo nordisk)ـەوە، ئەو باچانە بەرهەم نەهاتوون.
ئۆزەمپیک، دەرمانێکی گرنگی چارەسەرکردنی نەخۆشیی شەکرە - جۆری دووەمە، دەرمانەکە بە شێوەژەمی دەرمانسازیی دەرزیی ئامادەکراو "قەڵەم" بەردەستە، بۆ پێگەیشتوان و منداڵان تەمەن زیاتر لە 12 ساڵ بەکاردەهێنرێت.
جیاکردنەوەی ئۆزەمپیکی رەسەن و ساختە لە زۆر رێگەوە دەکرێت، ئاسانترینیان لەرێگەی ناسینەوەی قەڵەمەکەوە دەکرێت، بەشێوەیەک لەکاتی دیاریکردنی ژەمدا، قەڵەمی ئۆزەمپیکی رەسەن درێژنابێتەوە، بەڵام قەڵەمی ئۆزەمپیکی ساختە درێژدەبێتەوه.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان لە هەرێم هاوڵاتییان لەم دەرمانە ئاگاداردەکاتەوە، کە خۆیان بەدووربگرن لە کڕینی ئەو دەرمانە بەبێ ستیکەر، چونکە لە کوردستان و عێراقیش هەندێک پاکەتی ساختە دەستیان بەسەرداگیراوە.
لەئێستادا دەرمانی ئۆزەمپیکی رەسەن لە بازاڕی دەرمانی هەرێمی کوردستان بە ستیکەری بەڕێوەبەرایەتیی KMCA / وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بەردەستە کە وەک بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان دەڵێت "سەلامەت و کاریگەرە و شیاوە بۆ بەکارهێنان".