٢١ ئابی ٢٠٢٤
ئەمڕۆ ئەنجومەنى وەزیران کۆبوونەوەى ئاسایی خۆى بەڕێوەدەبات، داهات و جەرجیی و پرسى هەڵبژاردنەکان و چەند بابەتێکى دیکەى پەیوەست بە هەرێمى کوردستان تەوەرى گفتوگۆکانیان دەبێت.
بەپێی کارنامەى دانیشتنەکەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیران، تەوەرى یەکەمى کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە دەرئەنجامى کارەکانى لیژنەى وردبینیى هەردوو دیوانى چاودێریى دارایی هەرێم و فیدراڵ بۆ سێ مانگى یەکەمى ئەمساڵ لەبارەى داهات و خەرجیی و میلاک و تۆمارى بایۆمەتریی و ژمارەى وەزیفیی یەکگرتوو، خستنەڕووى کێشە و چارەسەر و راسپاردەکان لەوبارەیەوە.
لە تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، کارەکانى لیژنەى هاوبەشى حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێم و حکومەتى فیدراڵ تایبەت بە یەکخستنى رێکارە داراییەکان و راسپاردەکان بۆ یەکخستنى یاسا و پەیڕەو و رێنمایی و رێکارە تایبەت بە دارایی گشتى و سیستمى ژمێریاریی کارپێکراو.
لە بڕگەى سێیەمدا، هەماهەنگییەکانى نێوان کۆمیسیۆن و سەرۆکایەتیی هەرێم لەژێر رۆشنایی دوا کۆبوونەوەیان لە 14/8/2024 دەخرێتەڕوو، هەروەک راسپاردە دەخرێتەڕوو بۆ ئەرک و رۆڵى وەزارەتەکان لە پێشکەشکردنى ئاسانکاریی لۆجیستى بۆ کۆمیسیۆن بۆ سەرخستنى ئامادەکارییەکانى پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە تشرینى یەکەمى ئەمساڵ.
لە کۆتا تەوەردا، وەزیرى بازرگانى و پیشەسازیی راپۆرتێک تایبەت بە پرۆسەى کڕینەوە و وەگرتنى گەنم لە جوتیارانى هەرێمى کوردستان و شایستە داراییەکانیان و بەبازاڕکردنى بەرهەمى گەنمى جوتیاران پێشکەش بە ئەنجومەنى وەزیران دەکات.