١٩ ئابی ٢٠٢٤
بابەتی خودڕەخنەیی، شیکار و ڕاڤەی پڕۆسەیەکی هونەری؛ چەندین ساڵە لە زانکۆکانی دونیادا ئەخوێندرێت و یەکێکە لە وانەکانی نێو بواری زانستە مرۆیی و پیشەییەکان.
بە بڕوای من، ئەکتەر و شانۆکاری کورد ئەوەندەی سەرقاڵی ئەوەیە لە پشتەملە و نائەخلاقییانە لەسەر دەرهێنەر و شێوازی کارکردنی قسە بکات، ئەوەندە ناتوانێ زانستییانە لەسەر پڕۆسەی کارکردنی خۆی بدوێت. منیش لافی ئەوە لێنادەم زانستی بدوێم، بەڵکو هەوڵدەدەم لەم دەروازەیەوە سەرنجەکانی خۆم دەربارەی نمایشەکەمان بخەمە ڕوو.
دەقی ‘ڕۆمیۆ و جولیێت’ی ‘ویڵیام شێکسپیر’ لە ڕووی بوونیادەوە و وەک سەرجەم دەقەکانی دیکەی وی؛ لە ٥ پەردە پێکدێت. ئەم بوونیادە یەکێکە لە خەسڵەتەکانی شانۆی ‘کلاسیکی ئێلیزابێس’ (ئینگلتەرا).
تێما بنەڕەتییەکان لە شانۆنامەی ڕۆمیۆ و جولیێتدا، بریتین لە: خۆشەویستی و مەرگ. ئەم شانۆنامەیە لە ڕووی چنینەوە هەندێک هێڵی لاوەکیی دیکە لەخۆ دەگرێت کە هەڵگری تێماگەلێکی دیکەن و شانبەشانی تێما بنەڕەتییەکان خۆ دەنوێنن، وەک: دەسەڵات، شەڕ، ئاشتەوایی، هێز، هاوڕێیەتی، جوامێریی و هتد…
ڕۆمیۆ و جولیێت و ئەو دەقانەی دیکەی شێکسپیر کە لە دواتردا دەیانووسێت، خاوەن زمانێکی شیعرییە کە بریتییە لە شێوازی ‘بەیتی سپی’ (Blank verse). بەیتەکان لە دەقەکانیدا کێشدارن، بەڵام بێ سەروان. زۆربەی بەیتەکان لە شانۆنامەی ڕۆمیۆ و جولیێتدا، لە ٥ بڕگەی ئیامبیکی ڕیتمدار پێکدێن Rhythmic Iambic pentamete.
“ئیامبیک ئەو ناوەیە کە بەو شێوازە ڕیتمە دراوە لە دەقەکانی شیکسپیردا”
شێکسپیر لە نێوەندی سەرهەڵدانی هەر تێمایەک لە نێو دەقەکانیدا، وەک: خۆشەویستی، ڕق، ئیرەیی، شەڕ، بەرەنگاریی، بەرپابوونی ئاشتی و هتد، یان دەرکەوتنی پاڵەوانان و کارەکتەرە خانەدانەکان لە شانۆنامەکانیدا، بە شێوازی بەیتی سپی گوزارشت دەکات و دەگێڕێتەوە. وەلێ شێوازی گۆکردن و دەربڕینی وشە لە هەرکام لە دەقەکانی شیکسپیردا، بنەما و مەرجی سەرەکییە بۆ بەرجەستەکردنی کارەکتەرەکانی وی کە ئەکتەر دەبێت ئاشنایان بێت.
‘فازیل جاف’ وەکو دەرهێنەر و ڕاهێنەری ئەکتەر؛ لەم کارە شانۆییەدا پەیڕەویی لە شێوازی ‘شانۆییانە’ یان ‘شانۆواندن’ (Theatricality) دەکرد؛ لەتەک پەیڕەوکردنی بنەمای جووڵە لای ‘مایەرهۆڵد’ لە پەیوەند بە بەرجەستەکردنی ڕۆڵ کە لە دواتردا ئاماژەیان پێدەدەم.
بوونیادی شێوازی شانۆواندن لە شانۆدا؛ وابەستەیە بە تێکشکاندنی هێزی ئەو وەهمەی لە پەیوەند بە واقعەوە لەسەر شانۆ بەرهەمدێت، بەو مانایەی ئەم شێوازە شانۆییە سەرقاڵی هۆشیارکردنەوەی بینەرە لەوەی کە لەپێشیان دەگوزەرێ، پێیان ڕادەگەیەنێت: ئەوەی دەیبینن شانۆیە، مرۆڤەکانیش ئەکتەرن و ‘ڕۆڵ’ دەگێڕن.
لە شێوازی شانۆواندندا، مامەڵەکردنی ئەکتەر لەتەک ڕۆڵەکەیدا، پێچەوانەی ئەو سیستمەی ‘ستانسلاڤسکی’یە کە (لە ئاستە سادەکەیدا) پێی وایە: ئەکتەر لەڕێی سرووش، غەریزە، هۆشیاری نائیرادیی، بەگەڕخستن و کەشفکردنی تەکنیکی دەروونیی و هتد… دەگاتە ‘هەست’ی کارەکتەر.
بە مانایەکی دی، گوزارشتکردن لە هەستە ناوەکییەکانی کارەکتەر؛ لە میانەی پەیڕەوکردنی
شێوازی شانۆواندندا، دەبێتە هۆی پەکخستنی ئەو
پەیوەندییە ڕاستەوخۆیە کە ئەکتەر لە نێوان بینەر و شانۆکەدا سازی دەکات. واتە لەم شێوازە شانۆییەدا، پێگەی بینەر لە پاسیڤەوە دۆگۆڕێ و بەرگێکی ئەکتیف دەپۆشێت، بەمەبەستی دەربڕینی بۆچوونەکانیان لەهەمبەر ئاڕاستەکردنی ڕووداوەکانی نمایشەکە. ئەمەش بەو واتایە دێت کە میتۆدی ‘هەست’ی ستانسلاڤسکی بۆ بەرجەستەکردنی کارەکتەر؛ لە میانەی پەیڕەوکردنی شێوازی شانۆواندندا، جێگای نابێتەوە.
بنەمای جووڵەی ئەکتەر لەم نمایشە شانۆییەدا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژێرخانە تیۆرییەی ‘مایەرهۆڵد’ کە پێی وایە جووڵە دەبێت دابەشبکرێت بۆ ٤ ڕەهەند:
١- ئامادەکاریی بۆ کردار (Oktaz).
٢- کردار بۆ پاڵپشتیی مانا (Pacil).
٣- کۆتایی کردارەکە (Stoika).
٤- وەستان یان کۆنتڕۆڵکردنی کردار (Tormos).
جووڵەی ئەکتەر لەم نمایشەدا پێش دەربڕینەکان دێت، تاوەکو گوزارشت لە مانای وشە بکەن. واتە پێش دەربڕینی هەر وشەیەک؛ دەبێت جووڵەیەکی پاڵنەر ئامادەیی هەبێت بەو مەبەستەی ئەکتەر سەرنجی بینەران بەدەستبێنێ و گوزارشت لە مانای ئەو وشەیە بکات کە دەریدەبڕێت.
لەم نێوەندەشدا، هەستە ناوەکییەکان هەتا ئەندازەیەک ساکار دەبنەوە؛ کە ئەکتەر دەشێ بۆ هەر دیمەنێک لە دەقدا؛ هەستێک هەڵبژێرێت؛ کە لەگەڵ ناوەڕۆکی ئەو دیمەنەدا (لە ڕووی تێماییەوە) یەکبێتەوە و بیکاتە ناونیشان بۆ دیمەنەکە، بۆ نموونە:
پەردەی یەک، دیمەنی یەک
(تووڕەیی).
لێ ئەکتەر ناتوانێ پشت بە پانتایی هەستە ناوەکییەکان ببەستێ بۆ گوزارشتکردن لە چرکەساتە جیاوازەکان لە میانەی ڕۆڵبینیندا، بەڵکو ‘جەستە’ دەبێتە یەکەمین و بەهێزترین ئامڕاز بۆ بەرهەمهێنانی مانا لەم شێوازە شانۆیەدا.
وەلێ ئیدراک و هەستی ئەکتەر، لەوە فراوانترە کە مەحکوم بکرێت بە گوزارشتکردن لە یەکێک لەو هەستانە.