١٩ ئابی ٢٠٢٤
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، تائێستا هیچ حاڵەتێکی گومانلێکراویان لەبارەی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیمون نییە و بە وردی چاودێریی دۆخی ئەم نەخۆشییە دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا تەواوی ئامادەباشیی و ئامادەکاریی بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە دەکەن.
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری خۆپارێزی و تەندروستی و بەشە پەیوەندارەکان و نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەو وەزارەتە، "لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی بڵاوبوونەوە و سەرهەڵدانی نەخۆشی ئاوڵەی مەیمون کرا کە ئێستە لە نزیکەی 25 وڵاتدا هەیە. دوای تاوتوێکردن و شیکردنەوەی نەخۆشییەکە، بڕیاردرا کە ئەمڕۆ ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ئامادەکاریی لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بۆ دامودەزگاکانی تەندروستی ڕابگەیەنرێت. هاوکات بڕیار درا لێژنەی باڵای یەک تەندروستی (One Health) کە لیژنەیەکی باڵای هاوبەشە لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کشتوکاڵ دابنرێت".
ئەو وەزارەتە ئەشکراشی کردووە: "بڕیارێکی دیکەیان ئەوەیە، پەیامەکانی تەندروستیی بە هاوڵاتییان و گەشتیاران بدرێت بۆ هۆشیاری تەندروستیی و هەڵمەتی راگەیاندن و ڕۆشنبیریی تەندروست بکرێت لەگەڵ دابینکردنی تێستی پشکنینی تاقیگەیی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە هەموو ئەوانەش لایەنە پەیوەندارەکان لەم ڕێکارانە ئاگادار بکرێنەوە".
وەزارەتی تەندروستی دڵنیایی دەداتە هاوڵاتییان کە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی ئاوڵەی مەیمون لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، بە وردی چاودێریی دۆخی ئەم نەخۆشییە دەکەن و تەواوی ئامادەباشی و ئامادەکاریی دەکەن، لە هەر حاڵەتێکیشدا ڕای گشتیی لێ ئاگادار دەکەنەوە.
ئاوڵەی مهیمون، نهخۆشیهكی ڤایرۆسیی گوازراوهیه كه له ئاژهڵهوه بۆ مرۆڤ دهگوازرێتهوه، بههۆی بهریهككهوتنی ڕاستهوخۆشهوه له مرۆڤهوه بۆ مرۆڤ دهگوازرێتهوه. ماوەیەکە لە وڵاتانی ئەفریقا بەتایبەتی، بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوبووەتەوە و بەوهۆیەوە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، باری لەناکاوی تەندروستیی جیهانیی راگەیاندووە.