١٥ ئابی ٢٠٢٤
کۆمپانیاى گوگڵ رایگەیاند، هەڵمەتێکى هاککردنى ئێران، هەڵبژاردنەکانى ئەمەریکاى گرتووەتەوە و بەردەوامیش لە فراوانبووندایە.
کۆمپانیاى گوگڵ لە لاپەڕەى فەرمیی خۆى بڵاویکردووەتەوە، لایەنێکیان دەستنیشان کردووە کە وەک دەردەکەوێت لەلایەن حکومەتى ئێرانەوە پشتیوانیى دەکرێت، چەند هەڵمەتێکى ئەلیکترۆنییان راگەیاندووە کە دژى ئیسرائیلن و کۆتا راپۆرتەکانیش دەریانخستووە کە ئەکاونتەکانى پەیوەست بە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیی ئەمەریکایان کردووەتە ئامانج.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، ئەو هاککەرانە پەیوەندییان بە سوپاى پاسدارانى ئێرانەوە هەیە و بەردەوام بەکارهێنەرانى دیارى ئیسرائیلى و ئەمەریکى دەکەنە ئامانج، لەناویاندا بەرپرسانى حکومیی ئێستا و رابردوو.
هاوکات هەڵمەتە سیاسییەکان و کەسایەتییە دیپلۆماسییەکان، ئەو کەسانەى لە سەنتەرەکانى توێژینەوە کار دەکەن، ئەمە جگە لەوەى هەوڵەکانیان رێکخراوە ناحکومییەکانیشى گرتووەتەوە.
ئەوەش ئاشکرا کراوە، لە چەند مانگى رابردوودا ئەو گروپە هاککەرە ئێرانییە ئیمەیڵى نزیکەى 12 کەسایەتیی نزیک لە بایدن و ترەمپیان کردووەتە ئامانج و بەپێی زانیاریی کۆمپانیاى گوگڵ، ئەم هەوڵانە تائێستاش بەردەوامییان هەیە و ئێستا ئامانجەکەیان هەڵمەتى هەڵبژاردنەکانى ئەمەریکا و کامالا هاریس و دۆناڵد ترەمپە.