١٤ ئابی ٢٠٢٤
دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئیلۆن مەسکی ڕاگەیاند، ئەگەر لە هەڵبژاردنی مانگی 11ی سەرۆکایەتیی ئەمەریکادا سەرکەوتن بەدەستنەهێنێت، "ئەوا لە ڤەنزوێلا یەکتر دەبینینەوە".
دۆناڵد ترەمپ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە ئیلۆن مەسکی وت: "ئەگەر شتێک لەم هەڵبژاردنەدا ڕووبدات، کە ترسناک دەبێت، ئەوا لە داهاتوودا لە ڤەنزوێلا کۆدەبینەوە، چونکە ئەوێ زۆر سەلامەتتر دەبێت لە وڵاتەکەمان بۆ کۆبوونەوە، من و تۆ دەچین، لە ڤەنزوێلا کۆبوونەوە و ئێوارەخوانێکیش ساز دەکەین".
ئەم لێدوانەی ترەمپ لە بەشێکی زۆری میدیاکانی ئەمەریکا وەک گاڵتە ئاماژەی پێکراوە، بەڵام ئەو بەو لێدوانە ویستی ئەو پەیامە بە دەنگدەرانی بگەیەنێت، کە بارودۆخی ئەمەریکا بە ئەگەری سەرکەوتنی کاندیدی دیموکراتەکان، باش نابێت.
لە ئێستادا ڕاپرسییە گشتییەکان لە ئەمەریکا ئاماژە بە نزیکییەکی زۆر دەکەن لە نێوان ئاستی دەنگەکانی نێوان کاندیدی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان، هەرچەندە هەندێک ڕاپرسیی ئەم دواییانە دەڵێن پشتگیری کامڵا هێرس لە بەرزبوونەوەدایە.