ئایا هەڕەشەکانی ئێران ئیسرائیلی ترساندووە؟

٤ ئابی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

ئەمریکا چی دەڵێت؟ ئایا بەنیازی نێوەندگیرییە؟ یان پشتی ئیسرائیل دەگرێت؟

ئایا هەر بەڕاست، ئێران بەنیازی هێرشە؟

لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس، ئێران پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ حەماس راگەیاندووە و، بگرە هەندێک جاریش هەڕەشەی توندی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل کردووە و تەلئەڤیڤیش، گرنگییەکی ئەوتۆی بە هەڕەشەکانی تاران نەداوە.

بەڵگەش بۆ ئەم قسەیە، کوشتنی ئیسماعیل هەنیە کەسی یەکەم و بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس بوو لە ناوەڕاستی تارانی پایتەخت.

پاش کوشتنی هەنیە، تاران هەڕەشە و لێدوانەکانی دژی ئیسرائیل بەهێزتر و چڕتر کردووەتەوە، تەنانەت چەند شەوێک پێش ئێستا تەواوی میدیاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش، هەڕەشەکانی ئێرانیان دەگواستەوە.

میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوە دەکرد، کە هەر ئەو شەوە تاران سەدان مووشەک ئاراستەی تەلئەڤیڤ دەکات و وێرانی دەکات. ئەمەش لەلایەک ئیسرائیلییەکانی خستبووە حاڵەتی دڵەڕاوکێوە، لەلایەکی دیکەش میدیاکانی ئەو وڵاتە باسیان لەوە دەکرد، کە راگەیاندنەکانی ئێران دەیانەوێت جەنگی دەروونییان لەگەڵدا بکەن و هیچ هێرشێک لە ئارادا نییە.

هەر بەو جۆرەش بوو، ئێران لەڕێی میدیاکانیەوە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لەناو ئیسرائیلییەکان دروستکرد و ئەو شەوە هیچ هێرشێکی ئەنجامنەدا.

ئەمریکا هەڵوێستی چی بوو؟

هەر شەوی هەڕەشەکانی ئێران، کە دەکاتە شەوی 3ـی 8، ئەمریکا کەوتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و دەیان کەشتیی جەنگیی فڕۆکە هەڵگری رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.

بەپێی زانیارییەکان، پێنتاگۆن بە بەرپرسانی ئیسرائیلی وتووە، لە ئەگەری هێرشی ئێراندا بۆسەریان، واشنتن لەپشت تەلئەڤیڤ دەبێت.

شەڕی میدیا

لەپاش کوژرانی ئیسماعیل هەنیەوە، میدیاکانی ئێران بەگشتی و میدیاکانی نزیک لە حکومەت بەتایبەتی بەو هەواڵانەی بڵاویدەکەنەوە، وایانکردووە ئیسرائیل بکەوێتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان و قەدەغەی رووماڵی هەڕەشەکانی ئێران سەلمێنەری ئەم قسەیەن.

هاوکات، میدیا ئیسرائیلییەکان لەلایەک هەوڵدەدەن هەڕەشەکان بگوازنەوە، لەلایەکی دیکەش پێیانوایە، لەلایەن میدیاکانی ئێرانەوە هەڵخەڵەتێندراون، بەوەی بەردەوام هەڕەشەی هێرش دەکەن و هیچیش دیارنییە.

بەپێی زانیارییەکان، ئیسرائیل ئەمجارە هەڕەشەکانی ئێرانی بە جددی وەرگرتووە، بەڵگەش بۆ ئەمە، قسەی ئەو سێ بەرپرسە ئەمریکی و ئیسرائیلییەیە کە بە ئاژانسی "ئەکسیۆس"ـیان راگەیاندووە.

ئەو بەرپرسانە کە ناویان ئاشکرا نەکراوە وتوویانە، چاوەڕوان دەکرێت رۆژی دووشەممە، ئێران هێرشی تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامبدات.

ئەو بەرپرسانە پێیان وایە ئێران و حزبوڵا هێشتا سەرقاڵی پلانە سەربازییەکانیان و پەسەندکردنیانن لەسەر ئاستی سیاسی.

دەشڵێن، چاوەڕوان دەکرێت هێرشەکانی ئەمجارەی ئێران بۆ سەر هەمان بنکە و پێگەکان بێت، کە لە 13ـى نیسانی رابردوودا کرانە ئامانج، ئەویش بنکەی ئاسمانیی "بنی فاتیم" و باشووری ئیسرائیل بوو.

بەگوێرەی پێشبینیی ئەو بەرپرسانە، چاوەڕوان دەکرێت هێرشەکەی ئەمجارە فراوانتر بێت و حزبوڵاش بەجیا هێرش بکات.

تائێستا هیچ لایەنێکی فەرمیی ئێران کاتی هێرشی دیارینەکردووە و میدیاکانی ئەو وڵاتە دەڵێن، بەرپرسانی سەربازی کاتژمێری سفریان داناوە بۆ هێرش، لەلایەکی دیکەشەوە هیچ بەرپرسێکی ئیسرائیل، بگرە بێنیامین ناتانیاهو-ش؛ کە بەردەوام دژی هەر هەڕەشەیەکی ئێران وەڵامی هەبوو، لە بارەی ئەم هێرشانەوە قسەیان نەکردووە.