٢٩ تەمموزی ٢٠٢٤
ماوەی زیاتر لە نۆ مانگە، ئیسرائیل و حەماس لە ململانێی سەربازیدان و لەو نێوەندەشدا، دەیان هەزار کەس بوونەتە قوربانی، هاوڵاتییانی مەدەنیی غەززە-ش گەورەترین رێژەی قوربانییان تێدایە.
دوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، حوسییەکانی یەمەن، وەک یەکەم گروپ پشتگیریی خۆی بۆ حەماس دەربڕی و، لە 19ی مانگی 10ـی 2023ـدا، واتە دوای 12 رۆژ لە دەستپێکی شەڕی ئیسرائیل-حەماس، چەندین موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد و هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور دەستپێکرد.
حوسییەکان لەم ماوەیەی پێشووشدا، هێرشەکانی چڕترکردەوە و رۆژی 19ـی ئەم مانگە، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلیان بەزاند و ناوجەرگەی تەلئەڤیڤیان کردە ئامانج، کە بووە هۆی کوژرانی ئیسرائیلییەک و برینداربوونی ژمارەیەکی تر.
رۆژێک پاش ئەم هێرشەش، سوپای ئیسرائیل لەڕێگهی 20 فڕۆکەی جەنگیی لە جۆری ئێف 15، هێرشیکردە سەر بەندەری حودەیدەی یەمەنی. لەو هێرشەدا عەمبارەكانی سوتەمەنی و بنكەكانی گومرگیان لەو بەندەرە كردە ئامانج و لانیکەم سێ کەس کوژران و 87 کەسیش برینداربوون.
پاش حوسییەکان، چەندین گروپی چەکداریی دیکە پشتیوانیی خۆیان بۆ حەماس دەربڕی و هەریەکەیان بە جۆرێک، یەکێک لەو گروپانەش، "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" بوو، بە هێرشکردنە سەر پێگەکانی ئەمریکا لەناو عێراق و سووریادا.
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کێن؟
گروپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، یاخود (حەماسی عێراق)، لە ساڵی 2003 و پاش پرۆسەی ئازادیی عێراق، بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا سەریهەڵدا و پێگەی لە چەند پارێزگایەکی عێراقدا دامەزراند.
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە مانگی 10ـی ساڵی 2023ـوە چالاکییەکانی چڕکردەوە و لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى تێلێگرام پەیجی تایبەتی خۆیان دانا. وەک خۆیان باسی لێوە دەکەن، ئامانجی سەرەکیی گروپەکە، وەستانەوەیە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و مەبەستیانە هێزەکانی ئەمریکا بەئامانجبگرن، چونکە بڕوایان وایە، ئەمریکا سەرەکیترین هاوپەیمانی ئیسرائیلە. هاوکات دژی هەڵوێستی ئەمریکان لە بەرامبەر قەیرانەکانی غەززە.
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە عێراق و سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریکا کرد و لەوکاتەوە تائێستا، ناوبەناو پێگەکانی ئەمریکا لەو دوو وڵاتە دەکاتە ئامانج، کە کوژراو و برینداریشی لێکەوتووەتەوە.
بەشێکی زۆری شارەزایان پێیان وایە، مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت و لەژێر هەژموونی ئەو وڵاتەدان.
ئەو گروپە بەوەشەوە نەوەستاوە و تائێستا، دەیان جار مووشەکی ئاراستەی ناو وڵاتی ئیسرائیل و بەدیاریکراویش، تەلئەڤیڤی پایتەخت کردووە. ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانیی ئیسرائیل و وڵاتانی هاوپەیمانی.
هێرشەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، ئیسرائیلی هێناوەتە دەنگ و تەنانەت، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر عێراقیش هاتووەتە ئاراوە.
ئەوەتا ئیدی کۆهین، راوێژکاری حکومەتی ئیسرائیل لە نوێترین قسەیدا دەڵێت: "ئەگەر بێتوو میلیشیا عێراقییەکان موشەک ئاڕاستەی ئیسرائیل بکەن، ئەوا بەندەری بەسرەی عێراقیش، چارەنوسی هاوشێوەی بەندەری حودەیدەی یەمەن دەبێت و بۆردومانی دەکەین".
تائێستا هیچ لایەنێکی فەرمیی حکومەتی عێراق وەڵامی بۆ ئەم قسەیەی ئیدی کۆهین نەبووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت، گروپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەردەوامیی بدات بە هێرشەکانی بۆسەر ئیسرائیل، ئەمەش، رەنگە ببێتە مەترسییەک بۆسەر ئاسایشی عێراق بەگشتی.