دەیان هەزار هاوڵاتیی پاکستانی لە عێراق دیارنەماون

٢٧ تەمموزی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

وەزیری کاروباری ئایینیی پاکستان رایگەیاند، 50 هەزار هاوڵاتیی پاکستانی لە عێراق دیارنەماون، کە لەکاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی عاشوورا، ڕوویان لە عێراق کردبوو.

چودری سالیک، وەزیری کاروباری ئایینیی پاکستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە: "50 هەزار هاوڵاتیمان دوای گەیشتنیان بە عێراق بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمە ئاینییەکان، بێسەروشوێن بوون".

لەلایەکی دیکەشەوە، ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق دەڵێت، 50 هەزار هاوڵاتییە پاکستانییەکە، بۆ کارکردن بە شێوەیەکی نایاسایی لە عێراق بوون. وەک خۆی دەڵێت، بابەتەکە "جێگەی سەرنجی ئێمە دەبێت و هەموو شتێک دەکەین بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی گونجاو".

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، زیاتر لە یەک ملیۆن کرێکاری بیانی لە عێراق کاردەکەن و زۆرینەیان بێمۆڵەتن.

لە ماوەی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکانی عاشوورا-ش، ژمارەیەکی زۆری بیانیی شیعە مەزهەب ڕوو لە عێراق دەکەن بۆ بەشداری لەو مەراسیمانە.