کۆمسیۆن: ڕێگە بە هیچ جۆرە ساختەکارییەک نادەین لە هەڵبژاردندا

٢٥ تەمموزی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕێکارێکی زۆرباش گیراوەتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە ساختەکاری و تەواوی دەرگاکان داخراون، چونکە دەنگدەر تەنها دەتوانێت بە کارتی بایۆمەتری دەنگ بدات و جیاکردنەوەی دەنگەکانیش بە ڕێگای دەست و ئەلیکترۆنی دەبێت.

مەروان محەمەد، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند: " ئێمە وەک کۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەموو ڕێکارێکمان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی ئەو قسە و باسانەی کە پێشووتر دەکرا لە بارەی ساختەکاریەوە ئەمجارە بە هیچ شێوەیەک نەکرێت و دەرگاکانمان داخستووە".

وتیشی: " بۆ ئەم هەڵبژاردنە یەک ملیۆن و 366 هەزار و 453 دەنگدەر لەسنوری پارێزگای هەولێر مافی دەنگدانیان هەیە و نزیکەی 400 هەزار دەنگدەریش بێبەشن لە دەنگدان چونکە خۆیان تۆمارنەکردووە، هەروەها جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ڕێگای دەستی و ئەلیکترۆنییەوە دەکرێت و ئێمە وەکو کۆمی سیۆن ڕێگا نادەین ساختەکاری بکرێت."

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی 26ی مانگی شەشی 2024، بۆ پێنجەم جار سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وادەیەکی نوێی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێم دەستنیشانکرد و بڕیاریدا هەڵبژاردنەکە لە ڕۆژی 20ی مانگی 10ـی 2024 بەرێوەبچێت.