میدیای فەرمی تورکیا: دوای 100 ساڵ تورکمانێک دەبێتە پارێزگاری کەرکوک

٢٥ تەمموزی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

میدیاى فەرمیى تورکیا ڕایگەیاند، لەسەر پۆستى پارێزگاری کەرکوک ڕێککەوتن کراوە و دوای 100 ساڵ تورکمانێک دەبێتە پارێزگار.

چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی تورکیا بە کەناڵى "تەرەتە"ـى حکومەتى تورکیایان ڕاگەیاندووە، بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی تورکیا، "کورد، عەرەب و تورکمان" گەیشتوون بە ڕێککەوتن لەسەر دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک، لە کاتێکدا کەناڵەکە ڕوونی نەکردووەتەوە مەبەستى چ لایەنێکى کوردییە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، تورکیا ماوەیەکی زۆرە کار لەسەر جێبەجێکردنی دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک دەکات و دواجاریش هەوڵەکان سەریانگرتووە.

بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، کورد، عەرەب و تورکمان بەشێوەی خولی پۆستی پارێزگاری کەرکوک وەردەگرن. وەکو میدیاکەی تورکیا دەڵێت: "بەهەوڵە دیپلۆماسییەکانی تورکیا دوای 100 ساڵ بۆ یەکەمجار تورکمانێک دەبێتە پارێزگاری کەرکوک".

تەرەتە کە میدیای فەرمی تورکیایە، باسی لەوەشکردووە، یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە لەسەر ئەوەیە، پێویستە مۆڵەت بەبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکـ ـەکە" لە سنووری کەرکوک نەدرێت.