ناتانیاهو: هێرشەکەی حەماس بۆسەرمان وەک رووداوی 11ـی سێپتەمبەرە

٢٥ تەمموزی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو هێرشەی بزووتنەوەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو کردیە سەر وڵاتەکەیان، وەک رووداوەکەی 11ـی سێپتەمبەرە.

بێنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل لە دانیشتنى کۆنگرێسى ئەمریکا وتارێکى پێشکەشکرد و وتى: "بۆ هەمیشە رووداوی 7ـى تشرینی یەکەم لە بیرەوەریماندا دەمێنێتەوە، رووداوەکە هاوشێوەى رووداى 11ـى سێپتەمبەرە".

وتیشى، 135 بارمتەیان لای حەماس گەڕاندووەتەوە، پێویستیان بە ئەمریکایە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان، ئاسوودە ناببێت تاوەکو گشت بارمتەکان نەگەڕێنێتەوە.

سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئاماژەى بەوەکرد: "میحوەرى تیرۆر بە سەرکردایەتیى ئێران هەڕەشە لە ئیسرائیل، ویلایەتەیەکگرتووەکانى ئەمریکا و جیهانى عەرەبیش دەکات، جیهان رووبەڕووى ناسەقامگیرىى بووەتەوە".

باسى لەوەشکرد: "میحوەرى تیرۆر بە سەرکردایەتیى ئێران رووبەڕووى ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوڕێ عەرەبەکانمان بووەتەوە، ئەوە کێشمەکێشى شارستانییەتەکان نییە، بەڵکو کێشمەکێشە لەنێوان بەربەرییەت و شارستانی".

ئەمەش لەکاتێکدایە، لەکاتى پێشکەشکردنى وتارەکەى لە کۆنگرێسى ئەمریکا، لەبەردەم تەلارى کۆنگرێس سەدان کەس لە پاڵپشتیکەرانى فەڵەستین گردبوونەوە و خۆپیشاندانێکیان دژى ئامادەبوونى ناتانیاهو ئەنجامدا.