بەکارهێنانی کیسەی نایلۆن قەدەغەکرا

٢٤ تەمموزی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، بەکارهێنانی کیسەی نایلۆن قەدەغەکرا بەهۆی ئەوەی دەکرێت ببێتە هۆی سەرچاوەیەک بۆ توشبوونی مرۆڤ بە شێرپەنجە.

دکتۆر سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە لێدوانێکدا ڕایگەیان، بە پێی بڕیارێکی وەزارەتی تەندروستی بەکارهێنانی کیسەی نایلۆن لە سەمونخانەکان و نانەواخانەکان و چێشتخانەکان قەدەغەکرا ، بڕیارەکە بەو جۆرەیە لەمەودوا لە جیاتی کیسەی نایلۆن دەبێت کیسەی کاغەز بەکاربهێنرێت.

باسی لەوەشکرد، ئەمەش لەبەر ئەوەی لە رووی زانستییەوە کیسەی نایلۆن زیانبەخشە بۆ تەندروستی مرۆڤ و دەکرێت ببێتە هۆی سەرچاوەیەک بۆ توشبوونی مرۆڤ بە شێرپەنجە .

ئاشکراشیکرد، لەبەر ئەم هۆکارانە لە ئێستادا لە جیهان کیسەی کاغەز وەک و جێگرەوەیەک لە جیاتی کیسەی نایلۆن بەکاردەهێنرێت.