داڕمانی تەواوەتیی سیستمی تەندروستی لە غەززە راگەیەندرا

٢٤ تەمموزی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی تەندروستیی غەززە داڕمانی تەواوەتیی سیستمی تەندروستیی لە کەرتەکە ڕاگەیاند و دەشڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە زیاتر لە 39 هەزار کەس كوژراون.

ئەشرەف ئەلقودرە، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، سیستمی تەندروستیی غەززە بە تەواوی داڕماوە و لە سەرەتای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ 39 هەزار و 145 کەس بەرزبووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە و لەماوەی بیست و چوار کاتژمێری کۆتاییدا، 55 کەس گیانیان لەدەستداوە و 110 بریندار لەناو ئەو کەسانە بوون كە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان.

وەزارەتی تەندروستی غەززە باسی لەوەشكردووە، لە سەرەتای هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، کۆی ژمارەی بریندارەکان لە 7ی (تشرینی یەکەم/10)ەوە گەیشتووەتە 90 هەزار و 257 بریندار.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین (UNRWA) ڕایگەیاندووە، هیچ شوێنێکی سەلامەت لە غەززەدا نەماوە.