ئۆتۆمبێلێک بە چوار ملیار دینارەوە دیارنەما

٢٤ تەمموزی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی عێراق لێکۆڵینەوە لە دۆسیەیەك دەكەن كە لە ناو دوو ئۆتۆمبێلدا نۆ ملیار دینار هەبووە و تاوەكوو ئێستا چارەنووسی بڕی چوار ملیار دیناری ناو یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكان بە نادیاری ماوەتەوە.

هادی سەلامی، ئەندامی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی وت: "لێکۆڵینەوە لەسەر پرسی دەستبەسەرداگرتنی بڕی نۆ ملیار دینار لەناو ئۆتۆمبێلێکدا لە ناوچەی سەوزی ناوەڕاستی بەغدا بەردەوامە، دوای ئەوەی وەزارەتی بیناسازی وتبووی ئەوە پێشینەی یەکێک لە بەڵێندەرەکان بووە".

میدیای عێراقی ئاشكرایان كردووە، بەهۆی زۆریی گومانەكان، دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی لێكۆڵینەوەی وردیان لەو كەیسە دەستپێكردووە.

ئەوەش ئاشكرا بووە، دوو ئۆتۆمبێل نۆ ملیارەكەیان هەڵگرتووە، هێزی ئەمنی دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلی یەکەمدا گرتووە کە بڕی پێنج ملیار دیناری هەڵگرتبوو، بەڵام ئۆتۆمبێلی دووەم بە چوار ملیار دینارەوە بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتووە.

ئەوەشیان بڵاوکردەوە: "هێزە ئەمنییەکان بەڵێندەرێکیان دەستگیر کردووە کە پڕۆژەی پردێک لە بەغدا جێبەجێ دەکات بەڵێندەرێکی دیکەش هەڵاتووە و پارەكەشی بردووە".