لەبارەی قەرزی خانووبەرە بڕیارێکی نوێ دەردەکرێت

٢٣ تەمموزی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بانکی ناوەندی رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر زیادکردنی پارەی قەرزی خانووبەرە بە بڕی 500 ملیار دینار.

ئەمڕۆ سێشەممە، عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند، لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکی خانووبەرە و بانکی ناوەندی کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان ئەنجامداوە و پرسی قەرزی خانووبەرە تاوتوێ کراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، دەستپێشخەریی خانووبەرە و پێداچوونەوە بە رێکارەکانی بانکی خانووبەرە بۆ پێدانی قەرز بە هاوڵاتییان تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بوون.

باسی لەوەش کرد، پاڵپشتیکردن و بەهێزکردنی بانکەکان دەروازەیەکی گرنگە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی ئابووری لە وڵاتدا.

عەتوانی ئەوەشی خستە روو، بانکی ناوەندی رەزامەندیی داوە لەسەر زیادکردنی پارەی قەرزی خانووبەرە بە بڕی 500 ملیار دینار، کە ئامانج لێی ئاسانکاریکردنە بۆ هاوڵاتییان بە مەبەستی سوودمەندبوون لە قەرزی خانووبەرە.