لەماوەی 24 کاتژمێردا 70 کەس بە بۆردومانی ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە

٢٣ تەمموزی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

بۆردوومانى سوپاى ئیسرائیل بۆسەر هاوڵاتییانى سڤیل لە غەززە بەردەوامە و لە 24 کاتژمێرى رابردوودا، بەهۆى بۆردوومانى ئەو سوپایەوە 70 کەس لە رۆژهەڵاتی خان یونس گیانیانلەدەستداوە و زیاتر لە 200 کەسیش برینداربوون.

بەگوێرەى ناوەندی پزیشکیی خان یونس، بۆردوومانی سوپای ئیسرائیل لە باشووری کەرتی غەززە بەردەوامیی هەیە، کە ئەمە وایکردووە ژمارەی گیانلەدەستدان بەرزتر بێتەوە.

وەزارەتی تەندروستیی غەززە لە راگەیەندراوێکدا باس لەوە دەکات، تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، 70 هاوڵاتیی سڤیل لە رۆژهەڵاتی خانیونس بە بۆردومانی ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 200 کەسی تریش برینداربوون.

هەفتەى رابردووش، سوپاى ئیسرائیل بەتۆمەتى کردنە ئامانجى محەمەد ئەلدەیف، سەرۆکی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، ناوچەى ئەلمەواسی بۆردوومانکرد کە بەهۆیەوە 92 کەسى سڤیل کوژران.