ئەتلەتیکۆ مەدرید نزیکە لە گواستنەوەی ئارتێم دۆڤپیکی هێرشبەر

٢٣ تەمموزی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید نزیکە لە گواستنەوەی ئارتێم دۆڤپیکی ئۆکراینی و هێرشبەری یانەی جیرۆنا.

بەگوێرەی ئەوەی لەلایەن فابریزیۆ ڕۆمانۆی ڕۆژنامەنووسی متمانەپێکراوەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەتلەتیکۆ مەدرید نزیکە لە گواستنەوەی ئارتێم دۆڤپیک، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو هێڵی هێرشبەری بەهێزتر بکات، بەتایبەتی دوای ڕۆیشتنی ئەلڤارۆ مۆراتا لە تیپەکە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، وردەکاری کۆتایی گرێبەستەکە یەکلایی بووەتەوە، کە نزیکەی 40 ملیۆن یۆرۆی تێدەچێت، یاریزانەکەش پێشتر ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ گواستنەوەی بۆ ئەتلەتیکۆ، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گرێبەستەکە بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت.

ئارتێم دۆڤپیک، وەرزی ڕابردوو بەشێوەیەکی گەورە درەوشایەوە لەگەڵ تیپی جیرۆنا، بەو پێیەی ئەو یاریزانە هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ ئەوەی جیرۆنا ئاستێکی نایاب لە لالیگا پێشکەش بکات لە ناوەڕاستی وەرزدا و تەنانەت ڕکابەری لەسەر نازناوەکە بکات.

هاوکات، وەرزی ڕابردوو پلەی سێیەمی ڕیزبەندی خولی ئیسپانیای بەدەستهێنا و تەنیا بە 4 خاڵ لە یانەی بارسێلۆنا دوور بوو کە پلەی دووەمی گرتبوو.

ئارتێم دۆڤپیک وەرزی ڕابردوو لەگەڵ تیپی جیرۆنا لە 41 یاریدا بەشداری کردووە، یاریزانە ئۆکرانییەکە 25 گۆڵی تۆمارکرد، هاوکات 10 گۆڵی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە.