ململانێیەکی توند لەنێوان ئارسناڵ و بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی میکێل مێرینۆ

٢٢ تەمموزی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

یانەی ئارسناڵ کەوتە ململانێیەکی بەهێز لەگەڵ بارسێلۆنا بە مەبەستی گواستنەوەی میکێل مێرینۆ یاریزانی یانەی ڕیال سۆسیداد لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئێستادا.

ڕۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی لە هەواڵێکیدا ڕایگەیاندووە، ئارسناڵ چاوەڕێی یەکلاییکردنەوەی گرێبەستەکەی ڕیکاردۆ کالافیۆری بەرگریکاری بۆلۆنیا دەکات، دواتریش هەنگاو دەنێت بۆ یەکلاییکردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانەی یانەی ڕیال سۆسیداد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بارسێلۆنا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ مێرینۆ کەوتووەتە دانوستانی فەرمی بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێدا ڕیزەکانی پتەوتر بکات، بەڵام هاتنی ئارسناڵ بۆ گرێبەستەکە وادەکات بارسێلۆنا خێراتر یەکلایی بکاتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە بارسێلۆنا تا ئێستا هیچ ئۆفەرێکی فەرمی بۆ گواستنەوەی یاریزانە تەمەن 28 ساڵەکەی ڕیال سۆسیداد پێشکەش نەکردووە، یانە کەتەلۆنییەکەش هەوڵدەدات گرێبەستەکە زوو و بە نرخێکی باش یەکلایی بکاتەوە، بەتایبەتی کە لە ئێستادا یانەکە بە قەیرانی ئابووری گەورەدا تێدەپەڕێت .

میکێل مێرینۆ لەنێو ئەو یاریزانانەدا بوو کە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024ی بەدەستهێنا و گۆڵی بردنەوەی بۆ ماتادۆرز تۆمارکرد بەرامبەر ئەڵمانیا لە قۆناغی چارەکی کۆتاییدا.

مێرینۆ لە ماوەی وەرزی ڕابردوودا لە خولی ئیسپانیا بە یەکێک لە یاریزانە دیارەکانی ناوەراست دادەنرا، ئەمەش وایکرد زۆرێک لە یانەکان بەدواداچوون بۆ یاریزانەکە بکەن.

میکێل مێرینۆ وەرزی ڕابردوو 45 یاری لەگەڵ یانەی ڕیال سۆسیداد ئەنجامدا و 8 گۆڵی تۆمارکرد و سەرکەوتوو بوو لە دروست کردنی 5 گۆڵ بۆ هاوڕێکانی.

مێرینۆ گرێبەستی لەگەڵ یانەی ڕیال سۆسیداد هەیە تا مانگی حوزەیرانی 2025، واتە یەک وەرزی لەگەڵ تیپەکەی ماوە بۆ ئەوەی ببێتە یاریزانێکی ئازاد.