وەزارەتی دارایی: مووچەی مانگی ئایارو حوزەیرانی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 بەشێوەی سلفە خەرجدەکەین

٢٢ تەمموزی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، بەبڕیاری وەزیری دارایی، کێشەی مووچەی دوو مانگی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی (70) چارەسەر کرا. دەشڵێت: "بڕیاردرا بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایارو حوزەیرانی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 بەشێوەی سلفە".

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ( 22ی تەموزی 2024)، بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازی کرد لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی خانەنشینی هێزەکانی یەکەی 70 کە لەچەند ناوچەیەکی جیاوازی پارێزگای سلێمانیەوە هاتبوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە: "لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر کێشەی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 کرا کە ژمارەیان زیاتر لە نۆ هەزار کەسەو مووچەی مانگانەیان نزیکەی 4 ملیار دینارە و تا ئێستا نەخراونەتە سەر بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابوری".

ئەوەش خراوەتە روو: "وەزیری دارایی ڕونیکردەوە بە پێی یاسای چاکسازی و ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی نابێت هیچ خانەنشینێک لەدەرەوەی بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی مووچە وەربگرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی هێزەکانی یەکەی 70 تا ئێستا هیچ داتاو زانیاری و دۆسیەیەکیان لە بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری و بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابوری نییەو لە وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوررستانیش هیچ تەرخانکراوێکی داراییان بۆ نەکراوە".

وەزارەتی دارایی باسی لەوەش کردووە، ئاوات شێخ جەنابت وتوشیەتی: "وەزارەتی دارایی بەرپرسیار نییە لە دواکەوتن و نەدانی مووچەکانیان بەڵکوو پێویستە فەرماندەی هێزەکانی یەکەی 70 کاربکات بۆ ئەوەی بەزوترین کات دۆسیەکانیان بگوازرێتەوە سەر بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "هاوشێوەی مانگەکانی تر بەڕێز وەزیری دارایی فەرمانی کرد بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایارو حوزەیرانی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 بەشێوەی سلفە تا کێشەکەیان بە یەکجاری چارەسەر دەکرێت".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتە روو: "لای خۆشیانەوە نوێنەرانی وەزارەتی پێشمەرگەو خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 کە نوێنەری بەشێک لە حزب و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان تێدا بوو، سوپاسی هەوڵ و ماندووبونەکانی وەزیری داراییان کرد کە لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردودا نەیهێشتووە کێشە بۆ مووچەکانیان دروست ببێت و مانگانە بە بڕیاری تایبەتی خۆی مووچەکانیان بۆ خەرج کراوە".