بە فەرمی... ئەندریک فیلیپ بوو بە یاریزانی ڕیاڵ مەدرید

٢١ تەمموزی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

ئەندریک فیلیپی بەڕازیلی پەیوەندی بە یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانیەوە کرد، لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئێستادا لە یانەی پاڵمێراسی بەڕازیلییەوە.

ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی لە هەواڵێکیدا ڕایگەیاندووە، دواجار یانەی ڕیاڵ مەدرید دوای 584 ڕۆژ ئامانجەکەی بەدەستهێناوە، ئیندریک بووە یاریزانێکی فەرمی بۆ یانەکە، دوای ئەوەی گەیشتە تەمەنی یاسایی.

پێشتر یانەی ڕیاڵ مەدرید لەگەڵ پاڵمێراس ڕێککەوتبوو بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەندریک، بەڵام ئەم ڕێککەوتنە دواخرا تا ئەو کاتەی ئەستێرە بەڕازیلییەکە گەیشتە تەمەنی یاسایی کە 18ساڵە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ی تەمموز، ئیندریک تەمەنی بوو بە 18ساڵ، بەمەش تەمەنی بوو بە یاسایی بۆ تەواوکردنی مامەڵی گواستنەوەی بۆ قەڵای سپی.

شایەنی باسە یانەی ڕیاڵ مەدرید بەنیازە بە فەرمی ئەندریک فیلیپی وەک گرێبەستێکی نوێ پێشکەشی هاندەرانی بکات، لە ڕۆژی شەممەی داهاتوو 27ی تەمموز، لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ.

لە کۆتا وەرزی ئەندریک لەگەڵ پاڵمێراس، ئەستێرە بەرازیلییەکە لە 22 یاریدا لەگەڵ تیپەکە بەشداریکردووە، لە سەرجەم ئەو پاڵەوانێتیانەدا 4 گۆڵی تۆمارکردووە و دوو گۆڵیشی بۆ هاوڕێکانی دروست کردووە.