شانۆی رۆمیۆ و جولێیت لە سلێمانی نمایشدەکرێت

٢١ تەمموزی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

شانۆی رۆمیۆ و جولێیت، کە خاوەنی دەقەکەی نووسەری بەناوبانگی جیهانیی ویڵیەم شەیکسپیرە، لە هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی نمایشدەکرێت.

رۆمیۆ و جولێیت، کە لە نووسینی ویڵیەم شەیکسپیرە، لە ڕێکەوتی 20/7/2024 و ڕۆژانی دواتر، کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە لە هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی نمایشی شانۆیی بۆ دەکرێت و د. فازڵ جاف، کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.

لەم بارەیەوە، هونەر حەسەن رەشید، کە ئەکتەرێکی شانۆکەیە و رۆڵی کارەکتەری (لۆرینزۆ) دەبینێت، لە لێدوانێکیدا بۆ قەڵەم بەمشێوەیە باسی لە ناوەڕۆکی شانۆکە کرد: "ناوەڕۆکی شانۆکە دەقێکی جیهانییە، زۆرکەس خوێندویەتییەوە و بە چەند شێوازێکی جیاواز بە فیلم کراوە، چیرۆکێکی نامۆ نییە بۆ خەڵکی و بیستراوە".

وتیشی: "ناوەڕۆکی شانۆکە باسی خۆشەویستیی کوڕ و کچێکی گەنج دەکات لە دوو بنەماڵەی دژبەیەکن، بەهۆی دوژمنایەتیی کۆنی ئەم دوو بنەماڵەیەوە، خۆشەویستییەکەیان ناگات بە ئەنجام و لەکۆتاییدا، ئەم کوڕ و کچە دەبنە قوربانی. 500 ساڵ پێش ئێستا ئەم دەقە نووسراوە و ئێستاش پەیکەرەکەی لە ئیتاڵیا هەیە و بە نەمری ماوەتەوە".

هونەر حەسەن، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد: "ئەم دەقە گەر وەکو خۆی ئیشی تێدا بکەین سێ کاتژمێرە، بەڵام دکتۆر فازڵ لە دەقێکی رووسی، ئینگلیزی و عەرەبییەوە وەریگێڕاوە. وەرگێڕانەکەی جیاوازییەکەی ئەوەیە، بۆ ئەکتەرە کە ئەدای بکات، نەک بۆ خوێنەر. دەرهێنەر شانۆکەی ئامادە کردووەتەوە بۆ کاتژمێرێک و نیو بە نزیکەیی، بەبێ ئەوەی زیان بە ئیشەکە بگەیەنێت".

ئاماژەی بەوەش کرد: "بە 26 ئەکتەر، کە رێژەیەکی زۆرە، توانیمان بە نزیکەی دوو مانگ و نیو بۆ سێ مانگ، شاکارێکی گەورەی شکسپیر بگەیەنینە بەرهەم و هەمووشتێک بەپێی پلانەکان ڕۆیشت".

لەبارەی ئەوەی شانۆکە تا کەی بەردەوام دەبێت؟ هونەر حەسەن رەشید وتی: "شانۆکە پێشنیارکراوە 10 رۆژێک بخایەنێت، بەڵام ئێمە سەیری هاتنی بینەرن دەکەین و هەتا بینەر هەبێت ئێمە بەردەوام دەبین".

دوێنێ شەممە، یەکەم رۆژی نمایشی شانۆکە بووە و وەک هونەر حەسەن دەڵێت: "بینەرێکی زۆرباش ئامادەبوو، لە شارەکانی تری هەرێمی کوردستانیشەوە وەک هەولێر و دهۆک خەڵک گەیشتبووە ئێرە، ئەمەش جێی خۆشحاڵی بوو بۆ ئێمە".