ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا ڕەتیکرووەتەوە لە یانەکە بڕوات

٢٠ تەمموزی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

یەکێک لە یاریزانە دیارەکانی یانەی بارسێلۆنا ڕەتیکردووەتەوە لە یانەکە بڕوات و جێبهێڵێت لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئێستادا.

دوێنێ هەینی، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکان ئاشکرایانکرد، کە سێرجی ڕۆبێرتۆ بڕیاری داوە بارسێلۆنا جێبهێڵێت و بەرپرسانی یانەکەی لەوە ئاگادار کردۆتەوە، چاوەڕێ ناکات بۆ بەدەستهێنانی ئۆفەرێکی نوێ لەگەڵ بارسا.

هاوکات، ڕۆژنامەی "سپۆرت"ی ئیسپانی لە هەواڵێکیدا ڕایگەیاندووە، ئەوە ڕاست نییە کە سێرجی ڕۆبێرتۆ بڕیاری داوە بارسێلۆنا جێبهێڵێت و ڕوو لە یانەیەکی نوێ بکات، هەرچەندە گرێبەستەکەی لە 30ی حوزەیرانی ڕابردوو کۆتایی هاتووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆبێرتۆ هێشتا بیردەکاتەوە و پێشتریش 20 ڕۆژی بەبێ گرێبەست ڕاهێنانی لەگەڵ هاوڕێکانی ئەنجامداوە.

ڕوونیشیکردووەتەوە، بارسێلۆنا و ئەو یاریزانە ڕێککەوتنێکی نووسراویان هەیە بۆ ئەوەی بۆ وەرزێکی دیکە بەردەوام بن، بەڵام بەهۆی یاسای یاریی دادپەروەرانەی دارایی تا ئێستا هیچ گرێبەستێک نەکراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕۆبێرتۆ پێی وایە بارسێلۆنا بۆ وەرزی نوێ ناوی لە لیستەکەدا تۆمار دەکات، بۆیە یاریزانەکە بەم زووانە بڕیاری لەناکاو نادات بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ یانەیەکی دیکەدا بکات، لە پێشینەی کارەکانیشیدا ئەوەیە کە وەرزی داهاتوو کاپتنی بارسا دەبێت.