نەخۆشییەکی مەترسیدار لەناو مریشکدا بڵاودەبێتەوە و هاوردەکردنی قەدەغەدەکرێت

٢٠ تەمموزی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

لە بەڕازیل، دوای پشکنین بۆ چەند مریشکێک، ئەوە بۆ زانایان ئاشکرا بووە کە نەخۆشیی تاعون لەناو مریشکەکاندا بڵاوبووەتەوە، بەو هۆیەشەوە ئەو وڵاتە هەناردەکردنی مریشکی وەستاندووە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی پرۆتینی ئاژەڵی بەرازیل لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، کە وەزارەتی کشتوکاڵ دوای دەستنیشانکردنی حاڵەتێکی نەخۆشیی نیوکاسڵ، یاخود (تاعونی مریشک)، هەناردەکردنی پەلەوەری بۆ هەندێک وڵات ڕاگرت، لە کاتێکدا دەسەڵاتداران هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەدەن.

بەپێی هەواڵەکەی ئاژانسی رۆیتەرز، تا ئێستا زیاتر لە حەوت هەزار باڵندە لە کێڵگەیەکی بچووکدا مرداربوونەتەوە، کە نەخۆشییەکە تێیدا دۆزراوەتەوە.

یەکێک لە نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە، هەوکردنی پێڵوی چاوە، کە کاریگەریی لەسەر بۆرییەکانی خوێن دروستدەکات، بەهۆیەوە ڕەنگی گلێنەی چاو دەگۆڕێت بۆ سوور یان پەمەیی.

ئەمە لەکاتێکدایە، هاوردەکردنی مریشکی بەڕازیل بۆ عێراق لە ساڵی ڕابردوودا بە بەراورد بە ساڵی 2022، نزیکەی دوو هێندە زیادیکردووە، ئەمەش واتای ئەوەیە، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی رەنگە مەترسیی ئەو نەخۆشییەی تێدا هەبێت.