کێشە بۆ دابەشکردنی موچەی پێشمەرگە دروستبوو

١٨ تەمموزی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

بڕیاربوو ئەمڕۆ پێشمەرگە مووچەی دوو مانگ پێکەوە وەربگرن، بەڵام بەڕێوەبەری بانکێکی سلێمانی دەڵێت، زیاتر لە دوو هەزار پێشمەرگەی هێزەکانی 70ـی یەکێتی، تەنیا مووچەی یەک مانگ وەردەگرن و مووچەی مانگی شەشیان دوادەخرێت.

بەگوێرەی ئەو لیستەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەکانی یەکەی 70 و 80، هێزەکانی زێرەڤانی و هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن دوو مووچەی دواخراویان وەربگرن، کە مووچەکانی مانگی پێنج و شەشی رابردووە.

بەڵام شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندیی سلێمانی لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "نزیکەی پێنج هەزار پێشمەرگەی یەکەی 70 لەو بانکە مووچە وەردەگرن. تەواوی ئەو پێشمەرگانەی ناویان لە بانکەکەمانە، مووچەی مانگی پێنجیان وەردەگرن، بەڵام نزیکەی دوو هەزار پێشمەرگە ناویان تەنیا لە لیستی مانگی پێنجدایە و مووچەی مانگی شەشیان پێنادرێت".

شۆخان عومەر وتیشی، بە ئەوانیان وتووە، ئەو پێشمەرگانەی یەک مووچەیان پێدەدەرێت، مووچەی دووەمیان لەگەڵ مووچەی مانگی حەوتدا پێدەدرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، سەرەڕای ئەوەی مووچەی دوو مانگیان دواکەوتووە و بەڵێنیان پێدرابوو ئەمڕۆ پێیان بدرێت، بەڵام وەک دەبینرێت، جارێکیتر کێشە بۆ مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە دروستبووە.