سایکۆلۆژیایى شوێنکەوتە لە دیدى (جیرۆڵدپۆست)ەوە

١٧ تەمموزی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

جیرۆڵد پۆستی شارەزا و پسپۆڕی ئەمریکی لە شیکارکردنی سایکۆلۆجیای سەرکردەکانی جیهاندا، پێى وایە کە سەرکردە چۆن پێویستى بە بوونى شوێنکەوتە و خەڵکانێک هەیە کە پێشەوایەتیان بکات، خەڵکانى شوێنکەوتەیش برسین بۆ بوونى سەرکردەیەک و پێویستیان بە کەسێکە (سەرکردەیەکە) کە شوێن پێى هەڵگرن و دوای بکەون و بیکەنە ڕەمز و بت‌(صنم) بۆ خۆیان، لە دیدى (پۆست)دا ئەم خواستى شوێنکەوتنە بۆ سەرکردە لە لایەن شوێنکەوتەکانەوە، لەوەوە دێت کە گەل یاخود خەڵکانى شوێنکەوتە لەو کۆمەڵگایانەدا کە قەیران و کێشەى گەورەیان هەیە عەوداڵى کەسێکن کە ببێتە فریادڕەس (منقذ) بۆیان و ڕزگاریان بکات لەو کێشە و قەیرانانە، لەو پێناوەشدا گەل و شوێنکەوتە سەرکردە دڵخوازەکەیان(کە هەندێک جار لە ڕاستیدا بودەڵە و هیچ لە باردا نەبووە) سەرپشک دەکەن و خۆیانى تەسلیم دەکەن، سەرەنجام ئەمە دەبێتە سەرەتایەک بۆ دروست بوونى کەسێتیەکى لاواز بە نیسبەت شوێنکەوتە و کەسێتیەکى بەهێز بە نیسبەت سەرکردەوە و پەیوەندیەکى جەدەلى لە نێوان ئەو دوو کەسێتییەدا دروست دەبێت و هەریەکەیان پشت بەوى تریان دەبەستێت، لێرە بە دوا ویست و ئیرادە و عەقڵى گەل و شوێنکەوتە بە شێوەیەکى سەیر تێکەڵ بە ویست و ئیرادە و عەقڵى سەرکردە دەبێت و سەرکردە کۆنتڕۆڵى ئیرادە و عەقڵى شوێنکەوتوانى دەکات و لە جیاتى ئەوان بیر دەکاتەوە و بڕیار دەدات.

پۆست بڕواى وایە لاوازى و پەرتیی کەسێتى شوێنکەوتە دەبێتە هۆى دەرکەوتنى سەرکردەى کاریزمى و بەهێز، کەسێتى لاواز هەمیشە بە شوێن سێبەرێکدا دەگەڕێت تا لە پاڵیدا هەست بە ئارامى بکات و لە جیاتى ئەو ئەرک و فەرمانە قورسەکان بگرێتە ئەستۆ و بیر بکاتەوە و بڕیار بدات(ئەمە لە کاتێکدا لە ڕاستیدا وا نییە و بۆی هەیە عەقڵی کەسێکی سادەی کۆمەڵگە لە عەقڵی سەرکردە باشتر کار بکات و بڕیاری کەسێکی پەراوێزخراو لە بڕیاری سەرکردەیەک دروستتر بێت لانی کەم لە کۆمەڵگەی ماندو و دواکەوتودا)، بۆیە لە دیدى کەسی شوێنکەوتە(تابع)دا هەمیشە سەرکردە کەسێکى نموونەیى و میسالیەو لە هەموو کەس زیرەک تر و بە توانا تر و ئازاترە، گەر بە زمانى بیرکاريش قسە بکەین، کەسی شوێنکەوتە(تابع) هەمیشە خۆی وەک (صفر) و سەرکردەی وەک ژمارە(1) دێتە پێشچاو، بێ گومان صفریش لە پاڵ یەکدا نەبێت هیچ بەها و ئەرزشێکی نییە.

بە واتایەکی تر ئەوە زیرەکی و بوێری و بە توانایی و کارزانی(محنک) و دانای(حکمە)ی سەرکردە نییە ئەوی لە ترۆپکی دەسەڵاتدا داناوە، بەڵکو هۆکاری ئەمە لاوازی کەسێتی و کەمئاوەزی و بێ غیرەتی گەل و شوێنکەوتەی ناهۆشیارە، هەر بۆیە لە دیدی پۆستدا دەکرێت سەرکردە دەبەنگێک(احمق) بێت لە بەرگی دانایەکدا و ترسنۆکێک بێت لە بەرگی قارەمان(بطل)ێکدا.

سەرچاوە: مرضى نفسيون يقودون العالم، جیرالد بوست.