لیژنەی دارایی: مووچەی فەرمانبەران بۆ ئەمساڵ مسۆگەرە

١٥ تەمموزی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، مووچەی تەواوی فەرمانبەران بۆ ئەمساڵ مسۆگەر کراوە و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی بەشێک لە وەزارەتەکان تەنیا پەیوەندیی بە رێکارە ئیدارییەکانەوە هەیە.

ئەمڕۆ دووشەممە، حوسێن موئنس، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباح-ی راگەیاند، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی بەشێک لە وەزارەتەکان تەنیا پەیوەندیی بە رێکارە ئیدارییەکانی وەزارەتی داراییەوە هەیە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ ترسێک لە مووچەی فەرمانبەراندا نییە، چونکە تەواوی مووچەی فەرمانبەران بۆ ئەمساڵ مسۆگەر کراوە.

حکومەتی عێراق هەموو مانگێک بەبێ دواکەوتن و لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی بەبێ کێشە و گرفت دابەش دەکات. بەڵام، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هیچ مانگێک مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا وەرناگرن، وێڕای ئەوەش، تائێستا هێزە ئەمنییەکان مووچەکانی مانگی پێنج و شەشیان وەرنەگرتووە.