سوید لە بەرژەوەندیی سەلوان مۆمیکا بڕیاریدا

١٣ تەمموزی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

رۆژنامەیەکی سویدی بڵاویکردەوە، فەرمانگەی کۆچی ئەو وڵاتە، لە 30ـی ئایاری ئەمساڵدا، مافی نیشینگەی کاتیی بەخشیوەتەوە بە سەلوان مۆمیکا.

فەرمانگەی کۆچی وڵاتی سوید بڵاویکردووەتەوە، کە مافی نیشینگە دراوەتەوە بە سەلوان مۆمیکا. بەڵام ئەو مافە کاتییە و تەنیا بۆ ماوەی ساڵێک پێی دراوە، دوای ئەو ساڵە جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە کەیسەکەیدا دەکرێت.

هاوکات، بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامەی (ئەفتون بلادەت)ـی سویدی بڵاویکردووەتەوە، هۆکاری پێدانی مافی نیشینگە بە سەلوان، بۆ مەترسییەکانی سەر ژیانی ئەو چالاکوانە دەگەڕێتەوە، کە لە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ وڵاتی عێراق، مەترسی لەسەر ژیانی دروستدەبێت و ئەگەری بەکارهێنانی ئەشکەنجە و توندوتیژی بەرامبەری، لەئارادا دەبێت.

سەلوان مۆمیکای تەمەن 38 ساڵ، خەڵکی شارۆچکەی حەمدانییەی سەر بە پارێزگای نەینەوایە، خۆی بە نووسەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ دەناسێنێت، لە ساڵی 2019ـوە خۆی وەک بێدینێک ناساندووە و لە ساڵی رابردووشەوە لە وڵاتی سوید، زیاتر لە سێ جار قورئانی سووتاندووە، ئەم رەفتارەش ناڕەزایەتیی لە وڵاتە ئیسلامییەکان لێکەوتەوە و بەشێکیش لە وڵاتانی ئەوروپی، دژایەتیی ئەم کارەیان راگەیاند.