یەکەم وتار لە پزیشکیانەوە دژی ئەمریکا

١٣ تەمموزی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە یەکەم وتاریدا دژی ئەمریکا قسەیکرد و رایگەیاند: "ئەمریکا دەبێت درک بەوە بکات کە ئێران ملکەچی گوشارەکان نابێت".

ڕۆژنامەی تاران تایمز، وتارێکی مەسعود پزیشكیان، سەرۆککۆماری ئێرانی لەژێر ناونیشانی "پەیامی من بۆ جیهانی نوێ" بڵاوکردووەتەوە کە نوسیویەتی: "بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ئەوەم کە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپیدا بچمە ناو دیالۆگێکی بنیاتنەر، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان بخەینە سەر ڕێڕەوێکی ڕاست".

ئاماژەی بەوەشکردووە، تاران پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانی فراوانتر دەکات و مامەڵە لەگەڵ ئەوروپا دەکات.

هەرلەو وتارەدا، پزیشكیان نوسیویەتی، ئەمریکا "دەبێت درک بەوە بکات کە ئێران ملکەچی گوشارەکان نابێت"، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکەی "هەوڵی خاوەندارێتیی چەکی ئەتۆمی نادات".

پزیشكیان باس لەوەش دەکات :"ئەمریکا دەبێت یەکجار و بۆ هەمیشە درک بەو راستییە بکات و لێی تێبگات، ئەویش ئەوەیە کە ئێران وەڵامی گوشارەکان ناداتەوە و ملکەچیان نابێت".