حوسییەکانی یەمەن دەستیان بە هێرشەکانیان کردەوە

١٠ تەمموزی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

حووسییەكانی یەمەن رایانگەیاند، درەنگانی شەوی ڕابردوو لە ڕێگەى چەند مووشەكێكی بالیستی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرشیان كردووەتە سەر چەند كەشتییەكی بازرگانی.

حووسییەكانی یەمەن لە بارەی هێرشێكی نوێیان بۆ سەر چەند كەشتییەكی بازرگانی لە كەنداوی عەدەن و دەریای عەرەبی ڕاگەیاندراوێكیان بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، درەنگانی شەوی ڕابردوو لە ڕێگەى چەند مووشەكێكی بالیستی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرشیان كردە سەر چەند كەشتییەكی بازرگانی.

بەپێی راگەیەندراوەکە، یەكێك لە کەشتییەکان كەشتیی "سێنتۆسا"ـی دانیماركی سەر بە كۆمپانیای مایرسكیان بووە.

حوسییەکانی یەمەن ئاماژەیان بەوەشكردووە، جگە لەو كەشتییە، دوو كەشتیی دیكەش كراونەتە ئامانج، كە یەكێكیان لە كەنداوی عەدەن بووە.

لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، حوسییەكانی یەمەن پشتیوانیی خۆیان بۆ حەماس دووپات کردووەتەوە و لەوکاتەوە، لە دەریای سوور هەر كەشتییەكی ئیسرائیل یان وڵاتانی دیكە بەرەو ئیسرائیل بچێت، دەیكەنە ئامانج.