12 کۆچبەر لە تینویەتیدا خنکان

٨ تەمموزی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

12 کۆچبەری خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێگەیان بەرەو ئەورووپا، لە بیابانێکی جەزائیر لە تینوویەتیدا خنکان.

کۆمەڵەی غەواسی جەزائیری بۆ گەڕان و بەهاناوەچوون لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، 12 کۆچبەر و دوو هاوڵاتیی جەزائیریی، لە رێگەیان بەرەو ئەورووپا، لە بیابانێکی ئەو وڵاتە لە تینوویەتیدا خنکان.

بەپێی راگەیەندراوەکە، 12 کۆچبەرەکە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بوون، دوو هاوڵاتییە جەزائیرییەکەش، یەكێکیان شوفێر و ئەوەی دیکە یاوەری بووە.

کۆمەڵەکە باسی لەوە کردووە، ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتای رەنگ سپی و ژمارەیەک تەرم لە نزیکی، لە ناوچەی بیابانی حاسی بەلفەبۆر لە رۆژهەڵاتی جەزائیر دۆزراونەتەوە.

بە وتەی رێکخراوە مرۆییەکە، ئۆتۆمبێلەکە لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە بێسەروشوێن ببوو و دوێنێ (یەکشەممە) دوای چەند کاتژمێرێک لە گەڕان، تەرمەکان دۆزراونەتەوە.

بەپێی لیستی ناو و زانیاری لەبارەی کۆچبەرەکان کە رێکخراوەکە بڵاویکردووەتەوە، سێ لەو کۆچبەرانە خەڵکی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانن، سێیان کە بران و تەمەنیان 10، 18 و 23 ساڵن، خەڵکی رەققەن، پێنجی دیکەیان خەڵکی حەلەب و ئەوەی دیکەشی خەڵکی دیمەشقە.