ڕاهێنەری ئەرجەنتین باسی لە پێکانەکەی مێسی کرد

٤ تەمموزی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ئاشکرایکردووە، هێشتا گومان لەسەر بەشداریکردنی مێسی هەیە لە یارییەکانی قۆناغی چارەکی کۆتایی کوپا ئەمریکا.

لیۆنێل سکالۆنی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای ئەوەی مێسی لەگەڵ تیپەکە مەشقەکانی ئەنجامدا وتی: "ئێمە تا کۆتا کاتژمێرەکان چاوەڕێ دەکەین و دواتر بڕیار دەدەین".

ئاماژەی بەوەشکرد: "هەوڵدەدەین باشترین ڕێگا بۆ تیپەکە بدۆزینەوە، من قسە لەگەڵ مێسی دەکەم و پێم باشە کاتێکی زیاتر پشوو بدات و خۆی ڕاهێنان بکات".

سەبارەت بە ڕووبەڕووبونەوەی ئەرجەنتین بەرمبەر بە ئیکوادۆر لە قۆناغی 16 سکالۆنی وتی: "ئیکوادۆر تیپێکی بەهێزە و یاریزانی باش و ڕاهێنەری باشی هەیە، ئەوان یەکێکن لە باشترین تیپەکانی کۆپا ئەمریکا".

وتیشی: "پاڵەوانێتی کیشوەری سەلماندی کە پاڵەوانێتییەکی ئاست بەرزە و هیچ کاندیدێک نییە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە".

لە ئێستادا ئەرجەنتین هەوڵدەدات بۆ بەدەستهێنانی نازناوی 16هەمینی کۆپا ئەمریکا و ڕیکۆرد تۆمار بکات.

مێسی لە یارییەکەی بەرامبەر چیلی تووشی پێکان بوو، لە دوایین یاری قۆناغی کۆمەڵەکان بەرامبەر پیرۆ بەشداری نەکرد، هەروەها سکالۆنیش بەشداری نەکرد، دوای ئەوەی یەکێتی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور (کۆنمێبۆڵ) بڕیاریدا بۆ یەک یاری بە سڕکردنی.