وەزارەتی تەندروستی چەند ڕێوشوێنێک بۆ جەژنی قوربان دەگرێتەبەر

١٣ حوزەیرانی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ جەژنی قوربان چەند ڕێوشوێنێک دەگرنەبەر، لەوانە "چاودێریکردنی سەربڕخانەکان، بەدواداچوون بۆ پرۆژەکانی خاوێنکردنەوە و پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان".

وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا چەند ڕێوشوێنێکی بڵاوکردووەتەوە کە لە جەژنی قورباندا "بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتییان" دەیگرێتەبەر.

ڕێوشوێنەکان ئەمانەن:

1- تیمەکانی تەندروستی بە هەماهەنگیی تیمەکانی ڤێتەرنەری، چاودێریی سەربڕخانەكان و مەرجە تەندروستییەکان دەکەن.

2- لیژنەی بەدواداچوون لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و نەخۆشخانەکان دەبن.

3- پزیشکانی پسپۆڕ و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی ئێشک دەگرن.

4- بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پرۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراك دەكرێت.

5- نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکییەکان كراوە دەبن.

6- سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە ئێشك دەگرن.

7- سەنتەرەکانی شووشتنی گورچیلە ئێشک دەگرن.

8- تیمەکانی فریاگوزاری و هێڵی (122) لە كاردا دەبن.

9- تیمەکانی پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشییە گوازراوەکان و چاودێریی تەندروستی، بەدواداچوونی بەردەوام دەكەن.

10- پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوام دەبێت.

11- تیمی تەندروستی لە شوێنە گەشتییارییەكان دەبن.