١٠ حوزەیرانی ٢٠٢٤
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی دەستگیرکردنی دکتۆرە دونیا عادل ڕایگەیاند، ناوبراو لە بنکەیەکی پۆلیسی شاری سلێمانی سکاڵای هەبووە، لەوێ لەگەڵ ئەفسەرێکی بنکەکە بووەتە دەمەقاڵەیان و "دکتۆرە دونیا سوکایەتیی بە پۆلیس کردووە و ئێستا بەندکراوە".
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "ئەو دکتۆرە چووە لە بنکەی پۆلیسی ئەزمڕ لە شاری سلێمانی وتەی لێ وەربگیرێت، هەندێک رێکار هەن بە بڕیاری دادوەرن، دیارە ئەویش پێی ناخۆش بووە و سوکایەتیی بە پۆلیسەکان کردووە و قسەی پێوتوون".
وتیشی: "پۆلیسەکانیش وەکو کارمەندی حکومەت کە لەکاتی دەوامن، سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووە و وتەیان لای دادوەر وەرگیراوە، دادوەریش بەو پێیەی پۆلیسەکان لە کاتی دەوام بوون، بەپێی ماددەی 229 کە تایبەتە بە دەستدرێژیکردنە سەر فەرمانبەر لە کاتی ئەرکدا، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووە".
سەرکەوت ئەحمەد لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا دكتۆرە دونیا لە بەشی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی بەند کراوە.
دكتۆرە دونیا عادل، پزیشكی ددانە و دانیشتووی شاری سلێمانییە، لە بواری راگەیاندندا كار دەكات و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش چالاکە.